هەرێم نیوز
لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی تۆمەتەکانی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەدەنەوە و ڕایدەگەیەنن، هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی بەغدا بۆ گەندەڵی و دەستێوەردانی قاچاخچییەکان دەگەڕێتەوە نەک هەرێم.
دوای ئەوەی ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە پەرلەمان هۆکاری کەمی داهاتی خستە ئەستۆی هەرێم، ئەمڕۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە و ڕایانگەیاند، دابەزینی داهاتی دەروازەکانی عێراق پەیوەندیی بە "گەندەڵیی ئیداری و دارایی، دەست تێکەڵکردن لەگەڵ قاچاخچییەکان و بەشێک لە سەرۆک هۆزەکان"ـەوە هەیە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، بەشێک لە کاڵا قەدەغەکراوەکان لە دەروازەکانی عێراقەوە بە قاچاخ دەهێنرێنە هەرێم، لە کاتێکدا ئەو کاڵایانە لە دەروازەکانی هەرێم ڕێگەپێدراو نین.
سەبارەت بە جیاوازیی گومرگیش، هەرێم ئاماژەی بەوە داوە کە ئامادەن بۆ یەکخستنی پێناسی گومرگی و چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام "حکوومەتی فیدراڵی لەو بابەتەدا جدی نەبوون."
لە کۆتاییدا جەخت کراوەتەوە کە دەرگای دەروازەکان بە ڕووی تیمەکانی چاودێریی دارایی عێراقدا کراوە بووە و وردبینی لە داهاتەکاندا کراوە و مانگانە ڕاپۆرت دراوەتە بەغدا.