دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

ئەو ئاگرەی کە خۆی کوژایەوە ، واتا هەموو شتێکی سووتاندووە!!!

هێمن عەبدولقادر
لە جەنگی (ئاسکلوم)دا ، هەرچەندە یۆنانییەکان ، بەسەر ڕۆمانییەکاندا سەرکەوتن ، بەڵام بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی کە بەر یۆنانییەکان کەوت و ژمارەیەکی زۆر لە پاڵەوان و ئەفسەر و خەڵکی شارەزایان کوژرا ، کاتێک پیرۆزباییان لە (پیرۆس)ی پاشای یۆنانییەکان کرد ، بەهۆی ئەو سەرکەوتنە مەزنە ، ئەو لە وەڵامدا گوتی :-
(ئەگەر یەکجاری تر بەم شێوەیە ، لە ڕۆمانییەکان ببەینەوە ، واتا بە تەواوی تیا چووین).
ئەوەی لە کاتی شەڕ و توڕەیی و سەرکەوتندا بەقەد بەرامبەرەکەی شت لە دەست بدات شکستخواردووە
..................................
کورد ئەڵێ:-
(یان دڵی کەس زویر مەکە ، یان کە کردت ئیتر بێخەمبە)
چونکە خۆشت وردە وردە بەقەد ئەو زویردەبیت و دەدۆڕێت.
بۆچی (تیمساح و کیسەڵ) زیاتر بەرگە دەگرن و هەزاران ساڵ ماونەتەوە؟ ، چونکە کەمتر دەخۆن ، ئەوانەی تەماع و ئاگری سەرکەوتن و تووڕەییان کەمترە زیاتر دەمێننەوە
لە راستیدا ئاشتی بەڵێننامەیەکە لەسەر کاغەز دەنووسرێت و بەس ، بەڵام وەستانی جەنگ ، واتا دیواری روخاو ، کۆکردنەوەی لاشە ، شاردنەوەی تەرم ، گەڕانی منداڵ بەدوای باوکدا ، گەڕانی ژن بەدوای ماڵەکەیدا. ئاشتی ناوێکی خۆشە ، بەڵام وەستاندنی جەنگ ناوە راستەقینەکەیە. شەڕ واتا ئابڕووچون.
...........
(ناپلیۆن) چووە ناو ڕوسیا ، بەڵام زوربەی شارەکان سوتابوون ، ناچار گەڕایەوە و شکستی خوارد، (جۆنی دێپ و ئەمبەر هێرد) لەبەردەم دادگا و میدیا ئابڕووی یەکیان برد ، بەڵام نهێنی ژیانیان درکاند ، خەرجییەکی زۆریان دا بە پارێزەر ، سەرەنجام ناوبانگی سینەمایی هەردووکیان کەوتە ژێر پرسیارەوە.
(ماکبێس) دەیەوێت ببێتە پاشای سوکتلەندا ، باشترین هاوڕێی خۆی دەکوژێت، خەو لە چاوانی دەزڕێت، و هاوسەرەکەی تووشی شێتی دەبێت و خۆی دەکوژێت.
لە کۆتایی شانۆکەدا دەڵێت (ژیان تەنها چیرۆکێکە کە گەمژەیەک دەیگێڕێتەوە) چونکە کەس پێی نەگوتم (بردنەوەی تاجەکە تێچووی زۆربوو)
تۆ هەموو ڕکابەرەکانت لەناو دەبەیت، هەموو پردەکان دەسوتێنیت، هەموو هاوڕێکانت دەکەیتە قوربانی بۆ ئەوەی بگەیتە لوتکە. کاتێک دەگەیتە ئەوێ، دەبینیت لوتکەکە شوێنێکی زۆر ساردە.
هەندێک سەرکەوتن هەیە لە شکست ساردترە .
.............................................
هۆکاری سەرەکی کەم بوونەوەی ژمارەی (گورگ) لە جیهاندا راوکردنیان نییە ، بەڵکو گورگەکان زیاتر لەوە دەکوژن ، کە پێویستیان پێیەتی ، ئەوان هەموو نێچیرەکان دەکوژن ، تەنها لەبەر ئەوەی (دەتوانن) ، بۆیە ساڵی داهاتوو سەرچاوەی خۆراکیان کەمتر دەبێتەوە.
نابێت ئێمە تەنها لەبەر ئەوەی کە دەسەڵاتمان هەیە و (دەتوانین) هەموو پەیوەندییەکانمان ، لەگەڵ خیزان و خزم و هاورێ و هاوپیشە و ...هتد ، لەناو بەرین ، چونکە وەک گورگەکان سەرچاوەی ئارامیمان کەم دەبێتەوە و خۆشمان ساڵی داهاتوو دەبێت لە برسێتی رۆحیدا بمرین.
ئەوەی سەرچاوەی خۆراکی خۆی لەناو بەرێت ، مەرگی خۆی واژوو دەکات ، ئەوەی لەگەڵ هەموواندا دەکەوێتە جەنگ و توڕەیی و ئاگر و کێشەوە، بێ شک ،( شکست ، تەنهایی ، نائارامی ، بێ خەویی ، ئالوودەبوون ، خۆکوژی) خۆی واژوو دەکات.
ئاگر بۆ ئەوەی بژی، پێویستی بەوەیە شتێک مابێت کە نەیبردبێت ، کە هەموو شتێکی سوتاند واتا هیچی نەهێشتۆتەوە ، ئیتر خۆشی دەبێت بکوژێتەوە.
نوقتە سەری دێڕ....
.......................................................................
*هەمیشە لە خۆت بپرسە: "ئایا ئەم بابەتە دوای مانگێکی تر، دوای ساڵێکی تر ئەوەندە گرنگی دەمێنێت کە ئێستا وای بۆ دەکەم ؟ ئەم پرسیارە وەک ئاو وایە بەسەر ئاگری تووڕەییدا، چونکە قەبارەی ڕاستەقینەی کێشەکەت بۆ دەردەخات.
*مەهێڵن هەموو شتێک لە نیوانتاندا بسوتێ ، ئەوەی کە هیچی پێنەما بیبەخشێ ، بەتۆش دەڵێ فەرموو جەنابیشتان وەک ئەو ئاگرەی هەمووی سوتاند ، خۆشت بفەرموو لەگەڵمان بەبێ دەنگی بکوژێرەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP