دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

قسە و شمشێر لە پیاودا خەسار دەکرێت! نەک ناپیاو

هێمن عەبدولقادر

داغستانییەکان دەڵێن: «زەوی و ئەسپ بفرۆشە، خەنجەر و کالان و هەرچیت هەیە لەدەستی بدە، بەڵام هەرگیز نەکەیت پیاوەتیی ناوەوەت بفرۆشیت.» خەڵکی چیاکان ئەگەر بیانەوێت قسەیەک لە کورتی ببڕنەوە، دەڵێن: «پیاو نییە، قسەی تێدا خەسار مەکە.» پیاوی گەورە ئەوەیە کە خۆی و دۆستەکانی نافرۆشێت.
لە ڕێگادا کە ڕۆیشتی و خەنجەرت پێ بوو، تووشی سەدان کەس دەبیت، دۆست بێت یان دوژمن؛ بیرت نەچێت ئەویش وەک تۆ پیاوە، خەنجەری پێیە، بەڵام نامەردی ناکات. وەختێک سوپا گەورەکەی (شانادر) لە داغستان شکا،
وتی: «ئامادەم هەموو سوپاکەم بە (مورتەزالی)ی قارەمان بگۆڕمەوە.» مورتەزالی ئەو پیاوە بوو کە هەرچی هەبوو خستیانە بەردەمی، بەڵام ئامادە نەبوو پیر و منداڵ و هاوڕێ و دۆستەکانی بفرۆشێت و لەگەڵیان مایەوە.
.................
کورد دەڵێ: «هەر پەنجەیەک خوێنی خۆی لێ دێت.» هیچ خوێنێک لە خوێنی ئەو کەسانەی متمانەت پێ کردبوون، خەستتر و ئازاراویترا نییە. دەڵێن کاتێک هەمووان چەقۆیان لە (یۆلیۆس قەیسەر) دەدا، هێشتا بە پێوە وەستابوو، هەتا ئەو کاتەی هاوڕێ نزیکەکەی خۆی (برۆتۆس) چەقۆکەی لێ دا؛ ئیتر کەوت و ڕستە بەناوبانگەکەی خۆی گوت: «تەنانەت تۆش، برۆتۆس؟!»

پیاو لە ژیانیدا زۆر شت دەدۆڕێنێت، بەڵام هەرگیز ئەو شتانە نادۆڕێنێت کە لە تەنگانەدا لە تەنیشتیدا بوون. ئەو ژنە هەرگیز مەدۆڕێنە کە تەواوی کەسوکارەکەی جێهێشت و لە کاتی هەژاری و بێپارەییدا لە تەنیشتت وەستا. ئەو هاوڕێیانەت مەدۆڕێنە کە ئەلبومێک وێنە و یادەوەریت لەگەڵیان هەیە و کاتێک تۆ ئازارت دەچەشت، ئەوان لە تەنیشتت دەوەستان.

پیاوی گەورە ئەوە نییە کە هەمووان لە تەنیشتیدا لە خۆی و دەسەڵاتەکەی بترسن، بەڵکو پیاوی گەورە کەسێکە کە هەمووان لە تەنیشتیدا هەست بە ئارامی بکەن.
..............
گەڵایەک لە ئاودا دەبێتە کەشتیی سەد مێروولە؛ پیاوێک لە تەنگانەدا دەبێتە فریادڕەسی سەد کەسی لێقەوماو، نەک سەولەکەی خێراتر بکات و هەمووان بەجێ بهێڵێت. بەهار فێرمان دەکات کە هیچ زستانێک هەتا هەتایی نییە؛ ژیان فێرمان دەکات ئەوەی (با) بیهێنێت هەر (با) دەیبات. ئەوەی زستان بیتەزێنێت و سڕی بکات، خۆری بەهار دەیژێنێتەوە.
..............
دەڵێن وەختێک (ڕیچارد) لە گەرمەی شەڕدا دەبێت لەگەڵ (سەڵاحەدین) ریچارد نەخۆش دەکەوێت و تایەکی قورس دەگرێت، سەڵاحەدین چەند پزیشکێکی تایبەتی خۆی و دەرمان و میوەی بۆ نارد، لەگەڵ نامەیەکی کورت کە تێیدا نووسیبووی: «مەردایەتی ئەوە نییە هێرش بکەیتە سەر کەسێک کە ناتوانێت شمشێر هەڵبگرێت.»
مەردایەتی نییە پەلاماری دوژمنەکەشت بدەیت لەکاتێکدا خۆت بە دەسەڵاتدار دەبینیت و ئەو بە بێدەسەڵات، لاواز، قەرزار و بێنەوا.
پیاوی مەرد لەگەڵ دوژمنەکەشیدا دەفامێت ، چ جای بگات بەدۆستەکانی.
حەمدی گوتەنی، خانەی دووشەش، لەهەموو کەس ڕۆژێک دەگیرێت
چ ئەمڕۆبێ چ فەردا زوو ، ئافەرین بۆ ئەوەی بۆ دۆستەکانی دەبێتە دوو چوار و دوو ..دوو
نوقتە سەری دێڕ .........
.............................................
*جاران خەڵک لە (هەیئەی عامەی موخابەرات) دەگیرا، نینۆکیان دەردەهێنا، سۆپایان دەخستە ژێری، کەچی ئامادە نەبوو ناوی هاوڕێیەکی بڵێت؛ بەڵام ئێستا بەبێ هیچ زۆرلێکردنێک، خەڵک ئامادەیە ملی نزیکترین کەسەکانی بشکێنێت! تەنها بۆ دەستخۆشییەک، بۆ خۆبردنەپێشەوەیەک، یان ئەسڵەن هەر بۆ هیچ شتێک؛ وەک ئەوەی ئەم خووە خەریکبێت ببێتە گۆڕانێکی گەورەی جێنەتیکی.

نیزامی گەنجەوی چەند جوان دەڵێت: «ئەگەر کەسێک بۆ ماوەی خولەکێک هاوڕایەتیی کردیت، پێویستە بۆ ماوەی ساڵێک وەفای بۆ بنوێنیت.»
جاران لە زینداندا نامەیەک دەگیرا، سەد کەس خۆی دەکردە خاوەنی، بێ ئەوەی نامەکە هی ئەویش بێت؛ ئێستا هیچیشت پێ نەگیرێت، سەد کەس دەکەونە شایەتیدان لەسەرت. ئەگەر ویستت مەردایەتیی کەسێک بزانیت، سەیری وەفای بکە بۆ ئەو پەیمانانەی کە داویەتی؛ بزانە بە چەندیانەوە پابەند بووە و چەندیانی شکاندووە.
**لە کاتی تەنگانە و لێقەوماندا دیار بە، دەنا لە کاتی خۆشیشدا دوژمنیش خۆی بە ناچاری دەبێتە میوان.

***وێنەکەش ئارسەر و هاوڕێکانین دەستیان لە ئازادی خۆیان هەڵگرت بۆ یەکتری



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP