هەرێم نیوز
ماریا کۆرینا ماچادۆ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٥ دەستنیشانکرا.
ماچادۆ وەک براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڤەنزوێلا لە ساڵی ٢٠٢٤ ناسێندرا، بەڵام لە دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی نیکۆلاس مادۆرۆ و سەرکوتکردنی حکومەتەکەیەوە خۆی حەشارداوە.
کۆمیتەی نۆبڵ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، خەڵاتەکە بەخشراوە بە ناوبراو بەهۆی “هەوڵە ماندوونەناسەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی مافە دیموکراسیەکانی گەلی ڤەنزوێلا و خەباتی بۆ گواستنەوەی دادپەروەرانە و ئاشتیانە لە دیکتاتۆریەوە بۆ دیموکراسی”.
ماچادۆ، کەسایەتییەکی پێشەنگی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا، ساڵانێکە بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی لەدژی حکومەتی نیکۆلاس مادۆرۆ، ڕووبەڕووی سنووردارکردن و فشارێکی بەرفراوان بووەتەوە. چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی دروستکردنی گواستنەوەیەکی ئاشتیانە و جەماوەرییە بۆ سیستەمێکی دیموکراسی لە وڵاتەکەیدا.
کۆمیتەی نۆبڵ لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت: ماچادۆ سەرەڕای هەڕەشە و بێبەشی سیاسی، بۆتە هێمای بەرخۆدانی مەدەنی و ئومێد بۆ گەلی ڤەنزوێلا.
ئەو هەڵبژاردنە هیواکانی دۆناڵد ترەمپی تێکشکاند، کە چەندین جار ڕایگەیاندبوو کە شایەنی ئەو خەڵاتەیە بەهۆی "کۆتاییهێنان بە هەشت شەڕ"، لەنێویاندا هەوڵەکانی ئەم دواییەی بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و حەماس.