هەرێم نیوز
بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە تیمێکی سەربازی ئەمریکی لە 200 کەسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکرێن بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، ئەوەش دوای ڕێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان بە ناوبژیوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا.
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکان دەڵێت: "لە سەرەتادا 200 کەس جێگیر دەکرێن، ئەرکیان چاودێریکردن و دڵنیابوون دەبێت لەوەی کە ڕێککەوتنەکە پێشێل نەکرێت".
بەپێی زانیارییەکان پێدەچێت هێزەکانی ئەمریکا لە میسر بنکەیان هەبێت، هەرچەندە کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، دەکرێت بنکەیان لە ئیسرائیل بێت.
هەروەها بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمەریکا، تیمەکە ئەفسەرانی سەربازی لە وڵاتانی میسر، قەتەر، تورکیا و ئیمارات لەخۆدەگرێت. بەرپرسێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە “هیچ هێزێکی ئەمریکی ناچێتە ناو کەرتی غەززە”.