هەرێم نیوز
ئەمڕۆ لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندان قوتابخانەی نوێ دەكرێنەوە كە چوار باخچەی منداڵانیش لەخۆ دەگرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوە و دەستبەکاربوونی 25 قوتابخانە و 4 باخچەی ساوایان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "دڵنیام داهاتووی وڵاتەکەمان لە دەستێکی ئەمیندایە و ئەو قوتابییە چاوگەشانە ئومێدی زۆرم پێیانە کە دەتوانن دەسکەوتی زۆر گەورەتر هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ وڵاتەکەیان بەدەست بێنن".
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قوتابخانەی بنەڕەتیی لە گوندی ئارامی شاری هەولێر کردەوە. سەرۆکوەزیران لە گوتەیەکدا بۆ مامۆستایان و قوتابییان خۆشحاڵیی خۆی بۆ کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە دەربڕی و ڕایگەیاند کۆی ئەم قوتابخانانەی ئەمڕۆ دەکرێنەوە بە گشتی 29 قوتابخانە و باخچەی ساوایانن لە سەرانسەری کوردستان و قوتابخانەی گوندی ئارام وەک نموونە هەڵبژێردراوە.
سەرۆکی حکوومەت خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە قوتابخانەکە بە ئاستێکی زۆر جوان و بەرز دروست کراوە و هیوای خواست سەرمایەدارانی کوردستان بتوانن هاوشێوەی ئەو سەرمایەدارەی ئەم قوتابخانەیەی دروست کردووە، یارمەتیی وەزارەتی پەروەردە بدەن بۆ ئەوەی قوتابخانەی هاوشێوە لە سەرتاسەری کوردستان دروست بکرێت.
مەسرور بارزانی گوتی: جێی دڵخۆشی بوو کە بینیم هەم قوتابییەکان زۆر دڵخۆشن، هەم مامۆستایان دڵخۆشترن و ئاستیان زۆر بەرزە، بەو ڕەوشتە بەرزە من ئێستا زۆر دڵنیام کە داهاتووی وڵاتەکەمان لە دەستێکی ئەمیندایە. ئەو قوتابییە چاوگەشانە ئومێدی زۆرم پێیانە کە دەتوانن دەستکەوتی زۆر گەورەتر هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ وڵاتەکەیان بێننە دەست."
سەرۆک وەزیران سوپاسی وەزارەتی پەروەردەشی کرد بۆ ئەو ئەرک و ماندووبوونەی کە کێشاویانە لە بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردە لە سەرتاسەری کوردستان. گوتیشی قسەمان لەوە کردووە کە ئاخۆ چەند قوتابخانە لە ئاستی کوردستان لەم ئاستەدایە؟
ئاماژەی بەوەش کرد هێندێک قوتابخانە پێویستییان بە نۆژەکردنەوە هەیە و دروستکردنی قوتابخانەی نوێش پێویستە بەڵام کابینەی نۆیەم لەم ماوە کوردتەدا توانویەتی ئاستی قوتابخانەکان بە جۆرێکی زۆر باش بەرز بکاتەوە. ئەویش نەک تەنیا وەک بینا بەڵکوو وەک سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و هەروەها خوێندن بە شێوازی دیجیتاڵی.
بە گوتەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمە کاریگەرییەکی زۆری کردووە و بەردەوامیش دەبن لە پشتیوانیکردنی وەزارەت بۆ پێشخستنی کەرتی خوێندن و پەروەردە لە کوردستان.