هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری هەولێر کردەوە.
کاتژمێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی تەکنەلۆژیای 'هایتێکس' لە هەولێر کردەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی كردنەوەی پێشانگەی تەكنۆلۆژیا HITEX لە هەولێر، بە میدیاكانی رایگەیاند "ئەمە چەند ساڵێكە من دێم بەشدار دەبم، هەر ساڵ دەبینم كە پێشكەوتنی زیاتر هەیە و خەڵكێكی شارەزا لەنێو خودی كوردستان هەڵكەوتووە، گەنجانمان خۆیان توانیویانە هەم داهێنان بكەن هەم بەشدار بن لەم پێشكەوتنە تەكنەلۆژیایەی كە لە سەرانسەری جیهان هەیە، جێی دڵخۆشییە و ئومێدم زۆرە كە كوردستان ئاییندەیەكی گەشی دەبێت ئیشەڵا."
ئاماژەی بەوەشدا "حكوومەت پشتیوانە بۆ ئەوەی یارمەتیی هەموو ئەو بزنسمان و داهێنەرانە بدات كە ئامادەن خۆیان كار بكەن، حكوومەت بێگومان پشتیوان دەبێ و بەردەوام دەبین لەمەدا."
زیاتر لە 120 کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی تایبەت بە تەکنەلۆژیا، بەشداریی پێشانگەی هایتێکس دەکەن کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەەوام دەبێت.
کۆمپانیاکان نوێترین بەرهەمەکانیان لە بواری تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد نمایش دەکەن و هەروەها 40 پسپۆر لە بواری تەکنەلۆژیا لەسەر ستەیجی پێشانگەکە قسە دەکەن.
بۆ ئەمساڵ لە کۆی 100 بزنسی پێشکەشکراو 20 بزنس هەڵبژێردراون و پشتیوانی دارایی دەکرێن. بۆ یەکەمجاریشە 37 کۆمپانیای بیانی، 11 کۆمپانیای عێراقی و 74 کۆمپانیای ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشداری پێشانگەکە دەکەن.
هاوکات لە کۆنفڕانسی هایتێکسی ئەمساڵ، ژمارەیەک پانێل و سیمینار و گفتوگۆ لەبارەی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد و دیجیتاڵی بەڕێوەدەچن.