هەرێم نیوز
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرای کرد ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە بڕی 25 ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجە پەسند بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە بەشداریی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 25 ملیار دیناری بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجە تەرخان کردووە و جەختیشی کردەوە ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتیی تەواوی بۆ پارێزگاری هەڵەبجە دەبێت.
باسی لەوەش كرد، پێشتر ئەنجوومەنی پاڵپشتیی هەڵەبجە، سەردانی بارزانییان كرد و كۆمەڵێك داواكارییان پێشكەش كرد، بۆ ئەوەی خزمەتی هەڵەبجە بكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، بارزانی فەرمانی كرد دەبێت لە ڕێگەی حكوومەتەوە خزمەتی هەڵەبجە بكرێت، بۆیە سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی، فەرمانی كرد لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی دیوان و ئەندامێتیی چەند لایەنێك پێكبهێنرێت، لیژنەكە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگاری هەڵەبجەیان كرد و گوێیان لە داواكارییەكان گرت، دواتریش كاری رژدیان لەسەر كرد.
دەشڵێت، لەبەر ئەوەی هەڵەبجە پارێزگایەکی تازەیە، کار لەسەر ئەوە کراوە ژێرخانی کارگێڕیی هەڵەبجە دابین بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت 500 کەس دامەزران و دواتر 52 کەسی دیکەش دامەزران. ئێستاش لەسەر داوای پارێزگاری هەڵەبجە و ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاری دراوە 250 کەسی دیکەش دابمەزرێن.
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە بڕیارە گرینگەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بە فەرمیکردنی دەروازەی سنووریی سازانە کە وەک دەروازەیەک بۆ گەشەسەندنی هەڵەبجە سەیری دەکرێت. هەر بۆیەش سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە دەروازەی سازان وەک دەروازەیەکی سنووریی هەرێمی کوردستان و ئێران بکرێتەوە. لە هەمان کاتیشدا وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتیی هەرێم لە بەغدا و پارێزگاری هەڵەبجە ڕاسپێردراون بە مەبەستی بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو دەروازە سنوورییە سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانیش کۆ ببنەوە. گوتیشی داوای هاوکاری لە حکوومەتی ئیتحادی و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین بۆ بەنێودەوڵەتیی کردنی ئەم دەروازە سنوورییە.
ئومێد سەباح گوتیشی، دەبێ خەڵکی هەڵەبجە لە بودجەی سیادیی عێراق قەرەبوو بکرێنەوە لەبەر ئەوەی بە پێی دەستوور دەبێ هەموو زەرەرمەندانی ڕژێمی ڕابردوو لە بودجەی سیادی قەرەبوو بکرێنەوە و ئەمەش لە هەڵەبجەوە دەست پێ دەکرێت. ئاشکراشی کرد لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان نووسراوێکی فەرمی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێ کراوە بۆ ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە قەرەبوو بکرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش وەفدێکی هاوبەش پێک دێت بۆ ئەوەی مافی خەڵکی هەڵەبجە لەمبارەیەوە دەستەبەر بکرێت.
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکراشی کرد، بڕیار دراوە پارک و نەخۆشخانە بۆ هەڵەبجە دروست بکرێت و بیر لەوە کراوەتەوە بۆردێکی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دروست بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانی پێویست دەرچووە.
ئاماژەی بەوەش کرد ئەو پلان و پێشنیارانەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ بابەتی پەرەپێدانی گەشتوگوزار لەم پارێزگایە ئامادەی کردبوو پەسند کراوە و داوایان لێ کراوە زیاتر گەشە بە کەرتی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە بدرێت.
ئومێد سەباح گوتیشی داوامان لە پارێزگاری هەڵەبجە کردووە نەخشەیەکی وەبەرهێنان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئامادە بکرێت و سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ وەبەرهێنان لە پارێزگای هەڵەبجە ڕابکێشرێت؛ بۆ ئەم مەبەستەش کۆڕبەندێک بەڕێوە بچێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو تێچووەکەی دەگرێتە ئەستۆ.