دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئەگەری شەڕی میسر و ئیسرائیل هەیە؟

هەرێم نیوز

لەم دواییانەدا تۆنی وڵاتی میسر بەرامبەر بە ئیسرائیل گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەمەش پرسیاری ئەوەی دروستکردووە کە ئایا ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەگەری شەڕی ئاشکرا لە نێوان هەردوو وڵاتدا یان نا.

لە لوتکەی بەپەلەی عەرەبی و ئیسلامی لە دۆحە لە 15ی ئەیلول کە لە وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردایەتی حەماس بەڕێوەچوو، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر بۆ یەکەمجار ئیسرائیلی بە "دوژمن" ناوبرد لە دوای هاتنە سەرکاری لە ساڵی 2014.

ئەم پەرەسەندنی گرژییانە کە لە وەڵامی دوایین هەنگاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە و ناوچەکەدا هاتە ئاراوە، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر پەیماننامەی ئاشتی ئێستای نێوان هەردوو وڵات سەیر دەکرێت.

هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و شرۆڤەکاران هۆشدارییان داوە کە درێژەدان بەم ڕەوتە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لێدەکەوێتەوە.

چەند ڕۆژێک دوای قسەکانی سیسی، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە هەندێکیان چەکدار بوون لە سنووری میسرەوە هاتوونەتە ناو ئیسرائیل؛ هەندێک لە میدیا عەرەبییەکان دەڵێن ئەمە دەتوانێت نیشانەی "لێدانی پێشوەختە" بێت لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر میسر.

میسر یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو کە دان بە ئیسرائیلدا نا؛ دوای سەردانە مێژووییەکەی ئەنوەر سادات بۆ ئیسرائیل و وتارەکەی لە کنێست لە تشرینی دووەمی ١٩٧٧، هەردوو وڵات لە ئەیلوولی ١٩٧٨ ڕێککەوتننامەی کامپ دەیڤیدیان واژۆ کرد و لە ساڵی ١٩٧٩ پەیماننامەیەکی ئاشتی دوولایەنەیان دامەزراند.

هۆکارەکانی گۆڕینی هەڵوێست

قاهیرە کە دوای هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، ڕێگای دیپلۆماسی هەڵبژارد، وەک یەکێک لە ناوبژیوانە سەرەکییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو.

هەروەها خۆگرتنی لە بەرامبەر چەندین ئیستفزازی ئیسرائیلدا نیشان دا، لەوانە دووبارە بۆردومانکردنی دەروازەی سنووری ڕەفەح لەگەڵ میسر، بوونی سەربازی لە ڕێڕەوی فیلادلفیا، دەستبەسەرداگرتنی ڕێڕەوی مۆراگ و گەمارۆدانی ڕەفەح.

بەڵام ئەم هەڵوێستە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هات، هێرشێک کە وایکرد سیسی و میری قەتەر تەمیم بن حەمەد ئال سانی داوای پێکهێنانی "بەرەیەکی یەکگرتوو" بکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی عەرەبی.

میدیا عەرەبییەکان هێرشە بێ پێشینەکەی سەر دەوحەیان بە بەزاندنی "هێڵی سووری نوێ" لە ناوچەکە وەسف کرد، ئەمەش نیگەرانی و قسە و باسەکانی لەسەر ئەوە دروست کرد کە ئیسرائیل لە داهاتوودا کام وڵاتی عەرەبی بکاتە ئامانج.

بۆچی هێرشی سەر غەززە خاڵی وەرچەرخان بوو؟

گۆڕینی تۆنەکەی میسر کاتێک زیاتر دەرکەوت کە سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر شاری غەززە لە ئێوارەی ١٥ی ئەیلولدا ڕاگەیاند، فەرمانی چۆڵکردنی دەرکرد کە سەدان هەزار مەدەنی فەلەستینی ئاوارەبوون بۆ باشووری کەرتی غەززە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە ترسی لەمێژینەی قاهیرەی لە گواستنەوەی زۆرەملێی فەلەستینییەکان لە غەززەوە بۆ نیمچە دوورگەی سینا زیندوو کردەوە، کە میسر چەندین جار بە "هێڵی سوور" و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی ناوی بردووە.

چەند ڕۆژێک پێش هێرشەکە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەبو عەلی ئێکسپرێس لە تێلێگرام، جەختی لەسەر پێویستی گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە کردەوە و میسری تۆمەتبار کرد بەوەی "دانیشتووانی غەززە کە دەیانەوێت ناوچەی شەڕ جێبهێڵن، بەپێچەوانەی ویستی خۆیان لەوێ دەیانهێڵنەوە".

هەروەها ئەم ڕووداوە دوای لێدوانەکانی نەتانیاهۆ سەبارەت بە ئاسۆی “ئیسرائیلی گەورە” هات؛ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی i24ی ئیسرائیل، وتی هەست دەکات "ئەرکێکی مێژوویی و ڕۆحی" ئەنجام دەدات.

نیشانەکانی زیادبوونی گرژی

ئاماژەکردنی سەرۆکی میسر بە ئیسرائیل وەک "دوژمن" لە لوتکەی دەوحەدا وەک نیشانەیەکی بەرچاو بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان و ئاماژەیەک بۆ کۆتایی هاتنی سەبری قاهیرە بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل سەیرکرا.

ڕۆژنامەی ڕاستڕەوی ئیسرائیل هەیۆم، نووسیویەتی کە ئەم هەنگاوە "تەنها ڕەخنە نییە، بەڵکو شەرعیەتدانێکی گشتی بووە بۆ نۆرەی ڕووبەڕووبوونەوەی قاهیرە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "قاهیرە بە شێوەیەکی کاریگەر بانگهێشتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل."

دوای هێرشەکەی سەر دۆحە، باس لەوە کرا کە میسر لە ڕێگەی ئەمریکاوە ئیسرائیلی ئاگادار کردۆتەوە کە بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس لەسەر خاکی میسر "دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی" دەبێت.

هەروەها ماڵپەڕی “میدل ئیست ئای” لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا نووسیویەتی، میسر پێشتر ئاگاداری پیلانێکی ئیسرائیل بووە بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس لە قاهیرە و پیلانێکی پووچەڵ کردووەتەوە.

هەروەها لە چەند مانگی ڕابردوودا نیشانەکانی گرژیی دیپلۆماسی دەرکەوتووە؛ لەوانە دواخستنی دانانی باڵیۆزی نوێی میسر لە ئیسرائیل و دواکەوتنی پەسەندکردنی بڕوانامەی ئوری ڕۆتمان، نوێنەری نوێی ئیسرائیل لە قاهیرە.

ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی

دیارترین دەرکەوتنی ئەم گرژییە جێگیرکردنی هێزی سەربازی میسریە لە نیمچە دوورگەی سینا. لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییان لە "بە سەربازیکردنی" سینا دا و بە پێشێلکردنی پەیمانی ئاشتی ساڵی 1979 وەسفیان کرد.

ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان لەم بابەتە بڵاویکردەوە، نەتانیاهۆ داوای لە ئەمریکا کردووە فشار بخاتە سەر میسر بۆ کەمکردنەوەی بوونی سەربازی لە نیمچە دوورگەی سینا. بوونی سەربازی هەندێک ژێرخانی سەربازی لەخۆدەگرێت کە "دەتوانرێت بۆ مەبەستی هێرشبردن بەکاربهێنرێت."

بەڵام قاهیرە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بوونی سەرباز لە سینا بۆ ”پاراستنی سنوورەکانە لە بەرامبەر هەموو هەڕەشەکان”. مانگی ڕابردوو، سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی بە میدڵ ئیست ئایی ڕاگەیاندبوو، میسر نزیکەی 40 هەزار سەربازی لە باکووری سینا جێگیرکردووە، کە "نزیکەی دوو هێندە سەقفە کە لە ڕێککەوتنی ئاشتیدا دانراوە". هەروەها باس لەوە دەکرێت کە میسر سیستەمی بەرگری ئاسمانی دوور مەودای چینی HQ-9B لە خاڵە ستراتیژییەکانی سینا جێگیر کردووە.

سەرچاوەکان بە ماڵپەڕی ئیماراتی "زە ناسیۆناڵ"یان ڕاگەیاندووە، هەزاران کەس لە خێڵەکانی سینا کە پێشتر خۆیان چەکدار کردبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوەکان، ئامادەن لە ئەگەری ڕوودانی ململانێدا ڕۆڵی پشتیوانی بگێڕن. بەڵام هەمان سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم ڕێوشوێنانە تەنیا خۆپارێزی و ڕێگریکردن بوون و “ئەگەری شەڕی میسر و ئیسرائیل هێشتا کەمە”.

ئەحمەد یوسف، مامۆستای زانستە سیاسییەکان پێی وایە “میسر ناچار دەبێت بەرگری لە خۆی بکات لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئیسرائیل”. لەبەرامبەردا عەلی حەنەفی، ئەندامی ئەنجومەنی میسر بۆ کاروباری دەرەوەی میسر ڕایگەیاند، ئەگەری پێکدادانی سەربازی "بەندە بە لایەنی ئیسرائیل و ڕادەی مەیلی فراوانخوازی و تەماحەکانی لە ناوچەکەدا".

کاریگەرییە ناوچەییەکان

پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان میسر و ئیسرائیل دەتوانێت کاریگەریی فراوانتری ناوچەیی هەبێت، لەوانەش پێکهێنانی هاوپەیمانی نوێی سیاسی، سەربازی و بەرگری.

سعودیە و پاکستان لە 17ی ئەیلولدا پەیماننامەیەکی بەرگرییان واژۆکرد و بەپێی ئەو پەیماننامەیە “هەر دەستدرێژییەک دژی هەریەکێک لە وڵاتەکان دەستدرێژییە بۆ سەر هەردوو وڵات”. هەروەها خواجە ئاسیف وەزیری بەرگری پاکستان لە 18ی ئەیلولدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕەنگە وڵاتانی دیکەی عەرەبی بەشداری پەیماننامەکە بکەن.

لە هەمان کاتدا میسر ئاماژەکانی ناردووە کە بەدوای هاوپەیماندا دەگەڕێت و هاوپەیمانی نوێ دروست دەکات. لە ماوەی ١٣ ساڵدا یەکەمین مانۆڕی دەریایی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا ئەنجام دەدات، کە ناوی “دۆستایەتی دەریایی”یە، لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ٢٢-٢٦ی ئەیلول. کاهد توز، ڕاوێژکاری پێشووی حکومەتی تورکیا، ئەو مانۆڕەی بە "پەیامێکی ڕاستەوخۆ" بۆ ئیسرائیل وەسفکرد وەک وەڵامێک بۆ "مەترسی لەسەر تەواوی ناوچەکە".

هەروەها قاهیرە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە چڕکردووەتەوە و لەگەڵ سعودیە و قەتەر و ئێران وتووێژی کردووە. لەم دانوستانانەدا پێشنیارێک بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازیی ناوچەیی هاوشێوەی ناتۆ هاتۆتە ئاراوە.

سەرچاوە: بی بی سی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP