دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئیسرائیل بە پلانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ڕازی بوو

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی گەورەیە، ڕەنگە یەکێک بێت لە گەورەترین ڕۆژەکانی مێژووی شارستانیەت. ئەو پرسانەی کە سەدان و هەزاران ساڵە بەردەوامن، ئێستا یان بەرەو کۆتایی دەچن یان لەوە تێپەڕین.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد: ناتانیاهۆ ڕازی بووە بە پێشنیازی ئاشتی و کۆتایی هاتنی شەڕەکە.

وتیشی، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ ئاشتی. من و بنیامین ناتانیاهۆ تازە کۆبوونەوەیەکی گرنگمان هەبوو لەسەر پرسە گرنگەکان لەوانە ئێران، بازرگانی، فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام و لە هەمووی گرنگتر کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە.

سەرۆکی ئەمریکا ڕاشیگەیاند کە غەززە تەنیا بەشێکە لە وێنە گەورەکە؛ و ئەوەش ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاشتییەک کە دەتوانرێت بە ئاشتی ئەبەدی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوببرێت.

پلانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ

کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە وردەکارییەکانی پلانی دۆناڵد ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو پلانە، ئەمریکا دەستپێشخەری وتووێژ لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دەکات بۆ گەیشتن بە "ئاسۆیەکی سیاسی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و خۆشگوزەران".

بەگوێرەی ئەو پێشنیازە، ئەگەر ئیسرائیل بە ئاشکرا ئەو ڕێککەوتنە قبوڵ بکات، ئەوا لە ماوەی 72 کاتژمێردا هەموو بارمتەکان بە مردوو یان زیندوو دەگەڕێنرێنەوە و دەستبەجێ شەڕەکە کۆتایی دێت. هاوکات هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە بۆردومانی ئاسمانی و تۆپخانەوە ڕادەگیرێن.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئیسرائیل پابەندە بەوەی غەززە داگیر نەکات و وردە وردە هێزەکانی بە پشتبەستن بە خشتەی کاتی و پێوەرە تایبەتەکانی پەیوەست بە چەکداماڵین، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و لایەنە نێوەندگیرەکان. لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکاندا، ئیسرائیل ٢٥٠ زیندانی هەتاهەتایی و ١٧٠٠ فەلەستینی کە لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستبەسەرکراون، ئازاد دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP