دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ڕایگەیاند، داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و ڕێكکەوتنێکی هاوبەش لەمبارەیەوە بکرێت.

 
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم:

 
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئۆکتۆبەری 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە بڕگەی یەکەمدا، لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بارودۆخی داراییی نوێی هەرێم لە ڕووی داهات و خەرجییەکان بە زانیاری و ژمارەی ورد خرایەڕوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادە کرابوو، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە درا کە دوای ڕێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بارودۆخێکی داراییی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ هاتووەتە ئاراوە کە پێویست بە پێداچوونەوە و خۆڕێکخستنەوە دەکات.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە کە لە ڕۆژی 27ی ئەیلوولی 2025 ەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، بە تێکڕايی ڕۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ و هیوای خواست کە حکومەتی فیدڕاڵیش بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیی خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئابی ساڵی 2025 و مانگەکانی تر، وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق.
سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی پێکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵ، لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پشتبەستن بە هەردوو ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی داراییی فیدڕاڵی ژمارە 6 ساڵی 2019 و ماددەی 21/دووەم لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ کە بە دەقی یاسایی ڕوون و ئاشکرا، بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکان دیاری کردووە.
سەرەڕای جەختکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر گرنگی ڕەچاوکردنی ئەوەی کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێم خەرج نەکردووە بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنانی هەرێم سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراوی پێویست لە ناو خشتەکانی یاسای بودجەی فیدڕاڵ کە ساڵانە زیاتر لە 4 ترلیۆن دینارە، بۆیە ناچار هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆی خۆی، ئەم خەرجییانەی ئەنجام داوە لە دوای داشکاندنی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی، وردەکاریی خەرجی و داهاتی هەرێمیش بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشكرا، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، مانگانە بۆ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ نێردراوە و لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ و هەرێمیش لە سەرەتای ساڵی 2023 ەوە بە بەردەوامی وردبینی بۆ کراوە.
ئەنجومەنی وەزیران داواکارە لە حکومەتی فیدڕاڵ کە شاندی دانوستانکاری هەردوو حکومەت، لە ژێر سەرپەرشتیی لیژنەی وەزاریی پێکهاتوو بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی هاوبەش تا لە نزیکترین دەرفەتدا، هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێک، نەکرێتە بیانوو بۆ کێشەی مووچە.
بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە پێشنیارێکی وەزارەتی داد بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد خرایەڕوو و پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی کرد، چونکە بڕگەکانی لەگەڵ یاسای نوێی فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە 1ی ساڵی 2021 ناگونجێت.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەکە دا.
لە بڕگەی سێیەمدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی لەبارەی (ڕێبەری سەلامەتی) پێشکەش کرد کە ئامانجی ئەم ڕێبەرە پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ئامادە کراوە.
ڕێبەری سەلامەتی؛ بریتییە لە کۆمەڵێک پێوەر و ڕێنمایی کە بە مەبەستی پاراستنی ژیان و سامانی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و پارێزراو لە کۆمەڵگەدا دانراون و بەپێی ئەم ڕێبەرە پێویستە لە دروستکردنی باڵەخانە و کارگە و پڕۆژەی گەورە و بچووک پێویستە ڕەچاوی مەرجەکانی سەلامەتی بکرێت.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە تیمی ئامادەکاری ڕێبەری سەلامەتی و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، ڕێبەری سەلامەتی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد و دەسەڵاتيشی بە وەزیری ناوخۆ دا بۆ دەرکردنی ڕێنماییی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ڕێبەری سەلامەتی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP