هەرێم نیوز
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر رایدەگەیەنێت، پێشنیازکراوە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە یان فەرماندەیەکی دیکەی ئەو هێزە، پۆستی وەزیری بەرگریی سوریا یان سەرۆکی ئەرکانی سوپا وەربگرێت، ئاشکراشی دەکات کە لەم قۆناغەدا ڕێککەوتن لەسەر چۆنییەتی تێکەڵبوونەوەی هەسەدە و گەرەنتی دەستووریی بۆ مافەکانیان کاری لەپێشینەیە نەک وەرگرتنی پۆست.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەری " المجلة" : رایگەیاند، سیستەمی نا ناوەندی لە سوریا بە پێویستی دادەنرێت لە قۆناغی راگوزەردا، بۆ تێپەڕاندنی ئەزمونەکانی رژێمی پێشوو، کە شوناسە ناوخۆییەکانی سڕییەوە، پەسەندکردنی سیستەمی نا ناوەندێتی تەنها بۆ پاراستنی یەكپارچەیی وڵات نییە، بەڵکو بۆ دابینکردنی گەرەنتی راستەقینە بۆ هەموو سورییەکان بە جیاوازی پێكهاتەكانیانەوەو ، دوورکەوتنەوە لە دووباركردنەوەی هەڵەکانی سیستەمی ناوەندی.
وتیشی: ئیدارەی خۆسەر لە میانی دانوستان لەگەڵ حکومەتی راگوزەری سوریا، دیدێکی روونی بۆ سیستەمی نا ناوەندێتی خستووەتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم دیدگایە خۆی لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان حکومەتی ناوەند و پارێزگارەکان دەبینێتەوە، كە یەكێكیان بوونی دوو ژوورە لە پەرلەمان، یەکێکیان نوێنەرایەتی گەل و ئەوی دیکەیان نوێنەرایەتی پارێزگارەکان دەكات.
وێڕای زامنکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک و نوێنەرایەتی سیاسی بۆ ژنان لە ناوەندەكانی بڕیاردان.
ئیلهام ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، ئەم دیدگایە یەکێکە لە دوو خاڵە دیارەی ناكۆكی سەرەكییە لەگەڵ دیمەشق، هاوشانی پەیوەندییەکانى داهاتووى هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای سوریا.
لەناو ئەو پێشنیازانەدا کە خراوەتەڕوو، مەزڵوم عەبدی یان یەکێک لە سەرکردەکانی هێزەكانی سوریای دیموكرات پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سوپای سوریا یان وەزیری بەرگری وەربگرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی وردە وردە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان بۆ ناو سوپای سوریا.
دەشڵێت، گومانم هەیە لە وردی گواستنەوەی قسەكانی ئەحمەد شەرع، لەبارەی ئەوەی وتبێتی ئەگەر نەگەینە لێکتێگەیشتن تورکیا هێرش دەكاتە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات.
زیاتر لە شەش مانگە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیان بە دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا کردووە بە ئامانجی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە سەربازیی و مەدەنییەکان، بەڵام بەهۆی جیاوازییان لەسەر چۆنییەتی تێکەڵبوونەوەکە و بەڕێوەبردنی کارگێڕیی، تائێستا دانوستانەکان بێئەنجام بوون.