دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ماکرۆن: ئێران تەنیا چەند کاتژمێرێکی ماوە

هەرێم نیوز

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە تویتێکدا دوای دیدار لەگەڵ مەسعود پزیشکیانی سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لە گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کرد و ڕایگەیاند کە هێشتا ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ئارادایە، بەڵام تەنیا چەند کاتژمێرێک ماوە ئێران وەڵامی مەرجە ڕەواکانی وڵاتانی ئەورووپا بداتەوە.

ماکرۆن داوای لە ئێران کرد کە ئەو مەرجانەی پاریس، بەرلین و لەندەن دایانناوە، بەبێ مەرج قبوڵ بکات.

ئەم مەرجانە بریتین لە؛ دەستڕاگەیشتنێکی تەواوی  پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران، و شەفافیەت سەبارەت بە کۆگاکانی ماددە پیتێنراوەکانی و دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی دانوستانەکان بۆ پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا.

ماکرۆن هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە کە "هەرگیز ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت" و ئەم پرۆسەیە بۆ "مسۆگەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیری جیهانە".

هەروەها ماکرۆن لە پەیامەکەدا لە ئێکس نووسیویەتی کە ئێران پێویستە دەستبەجێ سێ هاووڵاتیی بیانی ئازاد بکات، کە بە وتەی خۆی نامرۆڤانە لە ئێران دەستبەسەر کراون. وتیشی: فەرەنسا واز لە هیچ ڕۆڵەکانی خۆی ناهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP