هەرێم نیوز
خامنەیی لە نوێترین پەیامیدا دەڵێت:" [ترەمپ] وتی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرن و جێگرەکەشی وتی ئێران نابێت مووشەکیشی هەبێت؛ واتە ئێران ئەوەندە ببەستنەوە کە ناتوانێت وەڵام بداتەوە کاتێک هێرشی دەکرێتە سەر، وەک ئێمەی مەشهەدی دەڵێین ئەم قسەیە لە دەمی قسەکەر گەورەترە."
عەلی خامنەیی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا باسی لە چەندین پرسی جیاواز کرد و لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە ڕایگەیاند، ئێمە پیتاندنی یۆرانیۆممان بۆ ٦٠٪ بەرزکردەوە، ئەمەش ئەوەیە کە وڵاتەکەمان پێویستی پێیەتی. ئێمە هیچ نیازێکمان نییە چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنین، بەڵام پیتاندنمان هەیە. ئەم زانستەی ئێمه بە هەەڕەشه و بۆردومان لەناو ناچێت.
خامنەیی وتی، لە نێو وڵاتانی جیهان تەنها 10 وڵات توانای پیتاندنی یۆرانیۆمیان هەیە، یەکێک لەوانە ئێرانە، ئەو وڵاتانە بۆمبی ئەتۆمییان هەیە، بەڵام ئێمە هیچ نیازێکمان نییە بۆمبی ئەتۆمی دروست بکەین.
خامنەیی بە ئاماژە بە ئاستی پیتاندن لە ئێران وتی: لەبەر ئەوەی ئێمە پێویستمان بە چەکی ئەتۆمی نییە، پیتاندنمان بۆ 90 لەسەد زیاد نەکرد، ئێمە پیتاندنمان بۆ 60 لەسەد، کە ئەمەش بۆ وڵات پێویستە.
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت، ئەمریکییەکان دەڵێن با دانوستان بکەین و ئەنجامەکەشی هەرچییەک ئەوان بیانەوێت وابێت. ئەمەش پێی ناگوترێت دانوستان.
وتیشی ئەمە دانوستاندنێکە کە هیچ سوودێکی نییە و سەپاندنی داواکارییەکانی ئەمریکایە بەسەر ئێراندا.
باسی لەوەش کرد: هەڕەشەیان لێکردین کە ئەگەر دانوستان نەکەین ئێران بۆردومان دەکەین و ئەمەش هەڕەشەیە و قبوڵکردنی ئەم دانوستانەش بە زیانی ئێرانە.
جەختی لەوە کردەوە: ئێمە نەک لەسەر پیتانن، بەڵکو لەسەر هەر پرسێکی تریش تەسلیمی فشارەکان نابین و فشار کاریگەری لەسەرمان نییە.
عەلی خامنەیی، لە بەرامبەر هەڵوێستەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاند، لایەنی ئەمریکی پێداگری دەکات و دەڵێت ئێران نابێت یۆرانیۆم بپیتێنێت. ناوبراو ئەم داوایەی بە مانای "لەناوبردنی دەستکەوتە گەورەکانی وڵات" زانی و وتی: نەتەوەی بە پەرۆشی ئێران دەکێشێت بەدەمی ئەو لایەنەی ئەم قسە دەکات.