هەرێم نیوز
بە چاودێری و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی 'ڕێبەری سەلامەتی' لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی "ڕێبەری سەلامەتی' لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا "لە سایەی شەونخونی و ماندبوونی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی تر؛ ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە و لە بواری بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تاوان و لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییان، ئێمە باشترین تەکنەلۆژیامان خستووەتە خزمەت و بەردەستی پۆلیسی کوردستان بۆ ئەوەی زۆر ئاسانتر و خێراتر بتوانن بەدوای تاوانباراندا بگەڕێن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە."
له رێورهسمهكهدا سەرۆکی حكوومهتی ههرێمی كوردستان وتارێکی گرنگی پێشکەش كرد.
ئهمهی خوارهوه دهقی وتارهكهی سهرۆكی حكوومهته:
رۆژتان باش، زۆر زۆر بەخێر بێن
خۆشحاڵم كە لێرەم و لەگەڵ ئێوە شاهێدیی بینینی ئەم پێشكەوتنانە بووم كە لە وەزارەتی ناوخۆدا هەیە. دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەم بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە گرنگە كە نووسینەوە و ئامادەكردنی رێبەری سەلامەتییە. ئەم دەستپێشخەرییە بەشێكە لە روانگە و ستراتیژی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
مایەی خۆشحاڵی و دەستخۆشییە كە وەزارەتی ناوخۆ لە چەندین سێكتەری جیاوازدا دەستپێشخەریی گرنگ و پرۆژەی گەورەیان جێبەجێ كردووە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەن.
ئەم ڕێبەرە دەبێتە بناغە و بنەمایەك بۆ پاراستنی سەلامەتی لە باڵاخانە و شوێنەكانی نیشتەجێبوون و كۆگا و بەنزینخانە و هەموو ئەو پرۆژانەی كە هاووڵاتیان تێیدا دەژین یان مامەڵەی رۆژانەی لەگەڵ دەكەن. ئامانج لە ئامادەكردنی ئەم رێبەرەش ئەوەیە كە هاووڵاتیان لەم شوێنانە پارێزراو بن و هیچ زیانێكی گیانی و ماددیان پێ نەگات و ڕێگری بكرێت لە روودانی هەر هەڵەیەكی تەكنیكی نەوەك خوانەخواستە كارەساتێك رووبدات و زیانێكی گەورەی مرۆیی و ماددی لێ بكەوێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ وەزارەتێكی گەورە و گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، جگە لەوەی كە وەزارەتێكی خزمەتگوزارییە و چەندین جۆری خزمەت پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكات، لە هەمان كاتدا جێبەجێكاری یاسایە و بەرپرسیاریشە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتیان بە هەماهەنگی و هاوئاهەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكە.
لە سایەی شەونخوونی و ماندووبوونی كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەكانی ئاسایش و هێزە ئەمنیەكانی تر، ئاسایش و سەقامگیری لە كوردستان پارێزراوە و لە بواری بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەكانی تاوان و لەپێناو پاراستنی هاووڵاتیان، ئێمە باشترین تەكنەلۆژیامان خستووەتە خزمەت و بەردەستی پۆلیسی كوردستان بۆ ئەوەی زۆر ئاسانتر و خێراتر بتوانن بە دوای تاوانباراندا بگەڕێن و ڕووبەڕووی یاسایان بكەنەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها لە رێی وەزارەتی ناوخۆوە پێشكەوتووترین تەكنەلۆژیا و ئامێر و كەرەستەی رزگاركردن و ئاگركوژێنەوەی بۆ تیمەكانی بەرگریی شارستانی دابین كردووە، بەڵام بێگومان لەم كەلوپەلانە گرنگتر ئەوەیە كە چۆن رێگری بكەین لە روودانی كارەسات و سنووردانان بۆ رووداوە نەخوازراوەكانی وەك ئاگركەوتنەوە و تەشەنە نەكردنی، ئەمەش لە رێگەی پابەندبوون بە رێنمایی و رێبەرەكانی سەلامەتی دەبێت كە پێویستە بەدواداچوونی تەواو بكرێت و بە تەواوی جێبەجێ بكرێت.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم ئاماژە بە دەستپێشخەری و پرۆژەیەكی دیكەی گرنگی وەزارەتی ناوخۆ بكەم كە بووەتە هۆی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ و پاراستنی گیانی هەزاران هاووڵاتی، ئەویش دانانی كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕۆییە كە وەزارەتی ناوخۆ بە بیر و ستراتیژیەتێكی روون دەستی بە جێبەجێكردنی كرد و لەو شوێنانەی كە ئەو پرۆژەیە بە تەواوەتی كەوتووەتە كار، لە ماوەی یەك ساڵدا رووداوەكانی هاتوچۆ بە رێژەی 50% كەمیان كردووە و مردن و برینداربوونی خەڵكیش زیاتر لە 60% دابەزیوە. هەروەها بووەتە هۆكاری كەمبوونەوەی زیانی گەورەی دارایی بە هاووڵاتیان كە پێشتر بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ تووشی دەبوون، ئەمە سەرەڕای ئەو زیانە زۆرانەی كە بەر شەقامەكان و پرۆژەكانی حكومەت دەكەوتن.
وەزارەتی ناوخۆ هەروەها لە رێگەی پرۆژەی دیكە لە بواری پەروەردەكردنی شۆفێران لەژێر سیستەمی نوێی راهێنانی شۆفێری و سیستەمی نوێی ساڵیانە و مۆڵەتی شۆفێری، رووداوی گیان لەدەستدان و برینداربوون و زیانی دارایی كەم كردووەتەوە كە لە ساڵانی داهاتوودا ئەنجامە ئەرێنییەكانی جێبەجێكردنی ئەم پرۆژانە زیاتر بە روونی دەردەكەون.
داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم، لەپێناو پاراستنی گیان و سەر و سامانی خۆیان و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان، پابەندی یاسا و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و هاتوچۆ بن، بۆ ئەوەی هەموومان لە كارەسات و رووداوی نەخوازراو دوور بین.
خوشك و برایانی بەڕێز
كوردستان لە هەموو سێكتەرەكان پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، ئەمە جێی دەستخۆشییە و هەموومان شانازیی بەو پێشكەوتنانە دەكەین كە لە كوردستاندا دەیبینین، بەڵام بێگومان چەند پێشكەوتنیش دەبێت، دەبێ خۆشمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو پێشكەوتنانە و ئاستی كوردستان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەكان نزیك بكەینەوە و وا بكەین كە كوردستان و هاووڵاتیانی كوردستان چەند سوودمەند بن لە پێشكەوتن و لە تەكنەلۆژیا، ئەوەندەش پارێزراو بن لە مەترسییەكان. هاوشێوەی ئەم ڕێبەرەی كە ئەمڕۆ بینیمان، لە وەزارەتەكانی تریش ئامادەكاریی دەكرێت بۆ دەرچواندنی رێبەری تر كە دیسان بكەونە خزمەتی هاووڵاتیان. حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی خۆیەتی كە لە پێناو باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان، ڕۆژ بە ڕۆژ كار بكات و خۆی ماندوو بكات، بەڵام زۆر زۆریش گرنگە كە هاووڵاتیانی خۆشەویست هاوكار بن و بەبێ هاووڵاتیان، بێگومان حكومەت بە تەنیا ناتوانێت سەركەوتوو بێت.
داوای من لە هاووڵاتیانی خۆشەویست ئەمەیە كە ئەو رێنماییانەی كە دەردەچن پابەند بن پێیانەوە، چ بۆ سەلامەتیی خۆیان بێت یانیش بۆ سەلامەتیی كەسوكار و هاووڵاتیانی دیكە، لە هاتوچۆ، لەسەر ڕێگەوبان، لە بابەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاگر یان هەر بابەتێكی تر، ڕێنمایی پێویست هەیە، هیوادارم خۆیان بەدواداچوون بكەن، زیاتر خۆیان فێر بكەن كە چۆن لەگەڵ ئەم پێشكەوتنانە بگونجێن.
من دەستخۆشی لەو هەموو كارمەند و فەرمانبەر و خوشك و برا خۆشەویستانە دەكەم كە بەڕاستی خۆیان دەكەنە قوربانی و ئامادەن خۆیان بكەن بە قوربانی بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیانی تر. لێرەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو خۆشەویستانە دادەنوێنین كە خۆیان كردووەتە قوربانی، دەستخۆشیش لەو خوشك و برا بەڕێزانە دەكەین كە لە ئەرك دان و بەردەوامن لە پاراستنی سەلامەتیی هەموو لایەكمان.
دەستخۆشیتان لێ دەكەم، شانازیتان پێوە دەكەم، ئینشائەڵا هەر سەركەوتوو و سەلامەت بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.