هەرێم نیوز
بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەڕێوەچوو، کە تێیدا، ستانداردەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ڕێبەری متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی ئەکادیمی و سیستەمی ڕیزبەندیی ئەو دامەزراوانە لە هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردەکانی متمانەبەخشین، پەسەند کران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بۆردی ئەمینداران کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی دەستەکە بەشدار بوو. سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمینداران، ئاماژەی بەوە دا، کە ئامانجی دەستەکە پێشخستن و باشترکردنی پێوەر، ستاندارد و کوالێتی خوێندنە لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت، جەختیشیی لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی و هاریکاری دەستەکە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ڕێکخراو و ئاژانسەکانی تایبەت بەم بوارە کردەوە. هەروەها سوپاسی دەستەی ئەمیندارانیشی کرد بۆ هەوڵ و کارکردنیان لەم پێناوەدا.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لە بارەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، چەند بڕیارێکی پێویست دران، لەوانە؛ پەسەندکردنی ستانداردەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ڕێبەری متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی ئەکادیمی و سیستەمی ڕیزبەندیی ئەو دامەزراوانە لە هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردەکانی متمانەبەخشین.
هەروەها بڕیار درا، زانکۆکانی کاتۆلیک لە هەولێر، زانکۆی سۆران، زانکۆی نەورۆز، زانکۆی گەرمیان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ببن بە بەشیك لە پرۆژەی تاقیکاری متمانەبەخشین.