دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

ئەمریکا دەیەوێت عێراق بەتەواوەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی جەدید بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا "ئامرازی فشاری نافەرمی" بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق ناچاربکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران "بەتەواوی پچڕێنێت".

ئەلعەرەبی جەدید نووسیویەتی گوشارەکانی حکومەتی ئەمریکا تەنها لە پرسی گروپە چەکدارەکان و چەکەکانیاندا سنوردار نییە، بەڵکو چاکسازی لە بواری دادوەری و کەرتی دارایی عێراقیش دەگرێتەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بتوانێت “سەربەخۆیی زیاتر لە هەژموونی گروپە نزیکەکانی حکومەتی ئێران” بەدەستبهێنێت.

دیپلۆماتکارێکی عێراقی کە بەم دواییە دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی لە ئەوروپا گەڕایەوە بەغدا بە ڕۆژنامەکەی وتووە: واشنتۆن داوای ئەوە دەکات دادگاییکردن لە ناوخۆی عێراق بۆ سەرکردەکانی ئەو گروپ و کەسانە ئەنجام بدرێت کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە بە هاوپەیمانی تاران دادەنرێت، نیگەرانی جددی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئەگەری هەر کردەوە و بڕیارێکی ئەمریکا و دەڵێن ئەم هەنگاوانە "هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی گروپ و تاک و دامەزراوەکانی سەر بە خۆی لە ناوخۆی عێراق".

لە چەند مانگی ڕابردوودا، حکومەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسایەک بۆ چەسپاندنی پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە گروپێکی چەکداری هاوپەیمانی تارانە، لە هەیکەلی ئەمنی عێراقدا، دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە.

پاش زیادبوونی گوشارەکانی ئەمەریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە، دواجار حکومەتی عێراق لە 25ی ئەیلول ئەم پڕۆژە یاسایەی لە پەرلەمان کشاندەوە.

پێشهاتەکانی عێراق لە سایەی ڕووبەڕووبوونەوەی تاران و ڕۆژئاوا

ڕۆژنامەی ئەلمەدی عێراقی بڵاویکردەوە، ئەو شاندەی کە لە بەغداوە نێردراوە بۆ بەشداریکردن لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گروپە نزیکەکانی ئێران پێکهاتووە.

هاوکات عەدنان زەرفی پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن "بە کردەوە ناچالاکن" و ئەمریکا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە "ڕێگری لە بەشداریکردنی گروپە چەکدارەکان بکات" لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی وڵاتەکەدا.

وتیشی: چالاککردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئێران کە پێدەچێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت، کاریگەری لەسەر عێراق زیاتر دەبێت لە هەر هێرشێکی ئەمریکا یان ئیسرائیل.

بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکی لە هەوڵەکانی ئێران بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان گێڕاوە.

بەڵام لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ هەوڵی کەمکردنەوەی بازنەی چالاکییەکانی تاران بە چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر ئێران و تۆڕەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و لە ڕێگەی بوژانەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار"، حکومەتی ئێرانی ناچار کرد کە هەڵسوکەوتەکانی خۆی بگۆڕێت، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی.

ڕۆژی 1ی ئەیلوول، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا تۆڕێکی قاچاخچێتی نەوتی کۆماری ئیسلامی لە عێراق گەمارۆ دا.

دوای ئەم هەنگاوەی واشنتۆن، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای دەرکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی گەندەڵی لە تێکەڵکردن و قاچاخکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP