دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

هەواڵگرییەکانى ئێران و ئیسرائیل چاودێریی پرۆژە ئەتۆمییەکانى یەکتریی دەکەن

هەرێم نیوز 

وەزارەتى ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند ژمارەیەک بەڵگەنامەى تایبەت و نهێنى لەبارەى پرۆژە ئەتۆمییەکەى ئیسرائیل و ئەو کەسانەوە دەستکەوتووە کە لەو بوارەدا کاردەکەن، ئەوەش هێزی وەزارەت و دەزگا هەواڵگرییەکانى ئێران نیشان دەدات کە لەنێو ئیسرائیلدا چەندین خانەى تایبەتى لەو بارەیەوە خستوەتە گەڕ، پێشتریش ئیسرائیل چەندین بەڵگەى خستبووە ڕوو کە لەنێو خاکی ئێراندا تواناى گەورەى هەیە و تەنانەت زانیاریی تەواوى لەسەر پرۆژە ئەتۆمییەکەى ئێرانیش هەیە، بەڵام وەک سەرچاوەکان ئاماژەیان پێکردووە تا ئێستاش یەکلایی نەبووەتەوە رۆڵی هەواڵگریی ئیسرائیل لەو بارەیەوە لەچى ئائستێکدایە.

ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتڵاعاتى ئێران رایگەیاند، ئەم نیشتمان و ئایین و بیروباوەڕەى کە ئێوە دەیبینن تەنها بەوە رازی نابێت کە لەبەردەم گروپێکى تاوانکارى دەسەڵاتبەدەستى ئییسرائیلدا بوەستێت کە چى دەکات لە فەلەستین بیکات، بەڵکو دەیەوێت لەبەردەم (پرۆژەى زایۆنی – ئەمریکی)ـیدا هەڵوێستە بکات و کە ئێستا دوژمنایەتى خۆیان بۆ ژمارەەیەک لە وڵاتان دەربڕیوە و دژى دادگەریی و حەقیقەت و مافەکانى مرۆڤ و مرۆڤایەتین.

گوتیشى: پێشتر ئێران لەبەردەم هەڕەشەکانى ئێراندا حسابی هەڵەی هەبووە، ئەوان تەواوى تواناى خۆیان لە دژى ئێران خستەکار، بەڵام ئەمجارەیان لەسایەى یەکگرتوویی و خۆگریی گەلى ئێمە و بەرگریی ئازایانە و بەهێزی هێزە چەکدارەکانمان و قوربانى بەرگرییکاران و شانازیی پر لە شانازیی توانیمان لەسایەى فەرمانڕوایی رێبەری باڵادا توانیمان ئەو هێزە گەورەیە بهێنین بەچۆکدا و گەلى ئێمەش ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕاوە.
وەزیرى ئیتڵاعات راشیگەیاند ئەو بەڵگەنامەیەى کە پێمان گەشتووە لەڕێگەى هەواڵگریی تایبەتى خۆمانەوە چنگمان خستووە و هێزێکی گەورەى یەکگرتوو کارەکەى ئەنجامداوە، ئەو بەڵگەیە وەک گەنجیینەیەکى پڕبایەخ سەیری دەکەین و لەناوخۆی ئیسرائیلەوە دەستمانکەوتووە و ملیۆنەها لاپەڕەیە و پرپڕە لە زانیاری جۆراوجۆر و راستەوخۆ پەیوەندیی بە رژێمی زایۆنیزمەوە هەیە.

سەرچاوە ئیرانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە لەو راپۆرتە تایبەتانەدا زانیاری تەواو لەسەر 189 کەس کە پسپۆری ئەتۆمین و بەرپرسی سەربازیی و شارەزای دامەزارەوەکەن بە ناونیشانى تەواوەوە لەبەردەستى ئێرانییەکاندایە، باسیان لەوەشکردووە ژمارەیەک لە شارەزایانى ئیسرائیلى لەبەرامبەر بڕە پارەیەکدا زانیارییەکانیان داوە بە سیخوڕە ئێرانییەکان، بەڵام هێشتا ئەوە یەکلایی نەبووەتەوە ئاخۆ زانیارییەکان راستەقیەن یاخود بە لاڕێدابردنى ئێرانییەکان بووە، لەو بارەیەوە ئیسرائیل هیچ کاردانەوەیەکى دیاریکراوی نەبووە.

بەگوێرەى گوتەى ئەو بەرپرسە باڵایە بەڵگەنامەکان بریتین لە پرۆژە ئەتۆمییەکەى ئیسرائیل لە کۆن و نوێدا کە لەسەر زەوییە داگیرکراوەکان بونیادى ناون، وەردەکاریی نوژەنکردنەوەى پرۆژەکە و هەموو ئەو هەنگاوانەى تێدایە کە لەسەرەتاوە نراون،هەروەها ئاماژەى بەوەشکردووە کە بەڵگەى زۆری تێدایە لە بارەى رۆڵی وەیلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و بەشێک لەوڵاتانى ئەوروپیش، ئەوە جگە لە هەیکەلى کارگێڕیی دامەزراوە ئەتۆمییەکە و تەنانەت وردەکارییەکانى ئەو کرێکارانەش کە لە پرۆژەکەدا کاردەکەن.

وەزیرە ئێرانییەکە  ئاماژەى بەوەشکردووە لەنێو بەڵگەنامەکاندا ناوى توێژەران، زانا و بەڕێوەبەرانى پرۆژە ئەتۆمییەکە بە ناونیشانەوە لەبەردەستیاندایە ، هەروەها رۆڵی زانایانى ئەوروپی و ئەمریکیش ئاماژەیان پێکراوە، گوتوشیەتى ناونیشان و ناو و پرۆژە و لایەنە هاوبەش و پەیوەندیدارەکانى بەوردی تێدایە .

جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەدژى ئێران پاساوەکەى دەست گەیشتنى ئەو وڵاتەیە بە چەکی ئەتۆمی و ئێرانیش جەخت دەکاتەوە چەکی ئەتۆم لە وڵاتەکەیدا قەدەغەیە بۆ کاروباری سەربازیی بەکاربهێنرێت و رێبەرى ئەو وڵاتە حەرامی کردووە، بەڵام لەبوارەکانى دیکەى زانستیدا رێگەپێدراوە و لەو پێناوەشدا رێگەى داوە بە دامەزراوە ئەتۆمییە جیهانییەکان چاودێریی پرۆژەکەیان بکەن، بەڵام ئەمریکا وئیسرائیل گوێ بەوە نادەن و هەرچییانکردووە دەیانەوێت ئێران لاوازبکەن.

بەگوێرەى سەرچاوەکان ئیسرائیل لە ریزبەندى شەشەمى وڵاتانى خاوەن ئەتۆمدایە و تەنانەت رێککەوتننامەى ئەتۆمی جیهانیشى واژۆنەکردووە، بەڵام لە ساڵی 1965ـەوە لەگەڵ ئەمریکا هاوپەیمانییەکى بەهێزیان لەو بارەیەوە دروستکردووە و بەگوێرەى سەرچاوەکان ئیسرائیل لە ئێستادا بەهێزترین وڵاتى خاوەن ئەتۆمە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP