دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

سزاکانى ئەمریکا زیانى بە دەسەڵاتداران یان گەلانى ئێران گەیاندووە؟

هەرێم نیوز

سزا جۆراوجۆرەکانى ئەمریکا لە دژى دەسەڵاتدارانى ئێران مێژوویەکى دوور و درێژى هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى شۆرشی گەلانى ئێران لە ساڵی 1979 و بەتایبەتى لەدواى ئەوەى لە لایەن قوتابییەکانی ئیمام خومەینییەوە هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا و داگیرکرا، ئەوە بووە سەرەتایەکی خراپ لە پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات و تا ئێستاش چەندین بەرز و نزمی تێکەوتووە، تەنانەت بەو بۆنەیەوە چەندین وڵات و رێکخراو و کەسایەتیش پێوەبوون و خراونەتە لیستى سزادراوەکانى ئەمریکاوە، بەڵام ئەوەى جێگەى تێڕامانى شرۆڤەکارانە مانەوەى ئەو وڵاتەیە و گوێنەدانە بەو سزایانە سەرەڕاى ئەوەى زیانى گەورەشى پێگەشتووە.

کڵاوڕۆژنەیەک بۆ هەناسەدان:

بەگوێرەى سەرچاوەکان سزاکانى ئەمریکا ئابوریی و بازرگانى و زانستى و سەربازیى و هەواڵگریش دەگرێتەوە، بەجۆرێک سزاکان ئەو وڵات و رێکخراوانەش دەگرێتەوە کە بە پێچەوانەى سزاکانەوە هەڵس و کەوت بکەن، بەڵام هەندێکجار ئەمریکا خۆی دەستى زۆر دانەگرتووە و کڵاوڕۆژنەیەکی هێشتوەتەوە بۆ ئەوەى هەناسەیەکی لێوە بدات، سەرەڕای ئەوانەش ئێران لەگەڵ ئەنتى ئەمریکاکاندا هەمیشە لە پەیوەندی بەردەوامدابووە و بۆ ئەو مەبەستەش هەمیشە بەدواى دۆزینەوەى کەلەبەرێکدا گەڕاوە و بەردەوامیش پەیداى کردووە، بەڵام وەک سەرچاوەکان ئاماژەى پێدەکەن پێدەچێت ئەمجارەیان ئەو بابەتەى بۆ نەچێتە سەر و کاتى ئەوە هاتبێت کە پاداشتى ئەو کارانەى بکات کە پێچەوانەیە لەگەڵ رەوەتى نێودەوڵەتى بەگشتى و ئەوروپا و رۆژئاوا بەتایبەتى.

هۆکارەکان:

 
هەمیشە ئەو پرسیارە لە مێشکى هەر یەکێک لە ئێمەدا دێت و دەچێت کە بۆچى ئەمریکا وا لە ئێران دەکات و بەردەوام سزاى دەدات، شرۆڤەکاران ئاماژەیان بە کۆمەڵە هۆکارێک کردووە کە لە مێژووی پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و رۆژئاوادا کاریگەرییان هەبووە لەوانەش:

بارمتەگرتن لە ناوخۆی ئیران  و دەرەوە، کردەوە تیرۆریستییەکانى بەرامبەر بە کورد لە میکۆنۆس و کوشتى سەرکردە کوردەکان، تەقینەوەکانى ئەرجەنتین، کوشتارى بەکۆمەڵى زیندانەکانى ئێران لە ساڵی 1988،تیرۆرکردنى سیاسی لە حەفتاکانى سەدەى رابردوو لەسەردەستى سەرکردەکانی ئێستاى ئیران، هاوکاریکردنى رژێمەکەى بەشار ئەسەد بۆ کوشتارى بەکۆمەڵ لەو وڵاتە و مانەوەى زیاتری لەسەر کورسى دەسەڵات، بەرنامەى ئەتۆمی ئێران و پەرەپێدانى پیتاندنی یۆرانیۆم و موشەکەکانى، هاوکاریکردنى گروپە تیرۆریستەکانى دونیا، هاوکاریکردنى تاڵیبان و ئەلقاعیدە، پەیوەندییەکانى ئێران لەگەڵ کۆریاى باکوور و سودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیاى ئەو وڵاتە، هاوکاریکردنى ، حزبوڵاى لوبنان و حوسییەکانى یەمەن و عێراق، چەوساندنەوەى کەمینە ئاینییەکانى ئێران، سەرکوتکردنى حۆپیشاندانەکانى 2009 و 2017 و کوشتن و لە سێدارەدانى بەئاشکرا و چەندین  بابەتى دیکە کە بوونەتە هۆی سزادانى حکومەت و کەسایەتى سیاسی و زانستى ئەو وڵاتە و هەندێکجاریش سەرى کێشاوە بۆ بلۆککردنی دارایی و ئەو بانکانەش کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە بووبێت.

دیارترین بانکە سزادراوەکانى ئێران:

 
لە ساڵی 2006ـەوە تا ئێستا ژمارەیەکى زۆر لەو بانکانەى کە لەناوخۆی ئێران و دەرەوەش کاردەکەن خراونەتە لیستى سزادراوانى ئەمریکا و دیاترینیان ئەمانەن:

بانکەکانی سپە، صادرات، میللى، کارگوشایی، ئارین و چەندین بانکی تر کە لە دەرەوەى ئێران کاردەکەن و لە نێویاندا ژمارەیەکى زۆر لە بانکە عێراقییەکانیان تێدایە، بەگوێرەى سەرچاوەکان تەنها لە ساڵی 2008 دا زیاتر لە ملیارێک و 680 ملیۆن دۆلاری ئێران لە بانکە ئەوروپییەکاندا بلۆک کراون، لە ئەژماری سیتى گروپدا دوو ملیار دۆلار بلۆک کراوە، تەنانەت سزاکان ئەوەندە چڕکراونەتەوە نوسینگەى حەواڵە شەخسییەکانیش بە ترسەوە حەواڵەى دراو دەکەن بۆ ئێران، تەنانەت لە ساڵی 2014 دا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ ئەوەى لى فانگوای سەرمایەداری چینى دەستگیربکرێت لەبەر ئەوەى رۆڵی سەرەکی هەبووە لە کەمکردنەوەى سزاکانى ئەمریکا لە بوارى پەرەپێدانى مووشەکە دوور هاوێژەکاندا.

کاریگەرییەکان:

 
سەرەراى ئەوەى کە وەزارەتى گەنجیینەکانى ئەمریکا سزاى جۆراوجۆری لەسەر ئێران داناوە و کاریگەریی زۆری خستووەتە سەر هاووڵاتیانى ئەو وڵاتە بەڵام کاریگەرییەکانى لەسەر وڵاتەکە بەئاشکرا رەنگی داوەتەوە، هەر بۆ نموونە بەهۆی سزاکانى ئەمریکاوە 17 فرۆکەى گواستنەوەى هاووڵاتیان کە 25 ساڵ تەمەنیانە وکەوتوونەتە خوارەوە و بە هۆیەوە 1500 هاووڵاتى ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییەکان ئەوەندەى لەسەر خەڵکى ئەو وڵاتە رەنگی داوەتەوە لەسەر حکومەت دەرنەکەوتووە.

حکومەتی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر 18 دامەزراوە و تاکەکەسی ئێرانیدا سەپاند کە یارمەتی ئێران دەدەن لە خۆدزینەوە لە سزا ئابوورییەکانی وڵاتەکەیان.

دوایین سزا:

 
چەند رۆژێک پێش لە ئێستا ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک دامەزراوە و کەسایەتی ئێران سەپاند بەهۆی ئەو پاڵپشتییانەی کە یارمەنتی ڕژێمی ئێران دەدەن بۆ خۆ دزینەوە لە باج، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە سزای نوێی سەپاندووە بەسەر 18 دامەزراوە و تاکەکەسی ئێرانیدا. ئەم لایەنانە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە هەوڵەکانی ڕژێمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی داهات و خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا.

ئامانج لەم کارە خۆدزینەوەیە لە سزا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی توانای کۆکردنەوەی داهاتی هەناردەکراو، بەتایبەتی لە فرۆشتنی نایاسایی نەوتەوە. ئەم سیستمانە، هاوکات، ڕێگەخۆشکەرن بۆ بەردەوامبوونی ڕژێمى ئێران لە دابینکردنی بودجە بۆ هێزە بریکارەکانی و سەرکوتکردنی گەلانی ئێران.

ئامانجی ترەمپ لە سزاکان:

 
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هەڵمەتی زۆرترین فشاری سەرۆک ترەمپ و گۆشەگیریی زیاتری ڕژێمی ئێران لە سیستەمی دارایی جیهانی، چی دیکە شوێنێکیان بۆ خۆحەشاردان نەماوەتەوە و وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پلانانەی ئێران کە ئامانجیان خۆدزینەوەیە لە سزاكان، هەروەها ڕێگری لەو وڵاتە دەکات کە داهاتیان لەو ڕێگەیەوە دەستبکەوێت و سەرچاوە داراییەکانی بەرنامە چەکدارییەکانی ئێران وشک دەکات بۆ پاراستنی گەلی ئەمریکا، هاوکات بەرپرسانی باڵای کۆمپانیاکە، عەلی مورتەزا بیرەنگ، محەممەد شەفیع پوور و سەید مەحموبد ڕەزا سەجادی، خراونەتە لیستی سزاکانەوە.

لەهەمان کاتدا، بانکی قوبرسی ئۆفشۆر کە لە دوورگەی کیش دامەزراوە، وەک کەناڵێکی دارایی نهێنی بۆ حکومەتی ئێران کار دەکات تا لە مامەڵە دەرەکییەکانیدا لە سزاكان دەربازی بێت. ئەم بانکە بە نهێنی لەلایەن بانکی پارسیانی سزادراوەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بەڕێوە دەبرێت. سێ لە بەرپرسانی باڵای بانکەکە، هادی نووری، عەلی ڕەزا فەتاحی نۆکەمبەری و عادل برجسیان، سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، هەموو موڵک و ماڵێکی ئەو کەس و لایەنە سزادراوانەی کە لە ئەمریکان یان لەژێر کۆنترۆڵی هاووڵاتیانی ئەمریکیدان، بلۆک دەکرێن. هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەم کەس و لایەنانە دەتوانێت دەرئەنجامەکەی سەپاندنی سزای مەدەنی یان تاوانکاریی بێت و ئەوەش هێندەى تر باری قورسی هاووڵاتییانى ئێرانى زیاتر دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP