هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی ئەلئەخباری لوبنانی بڵاویکردەوە، میری قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆچوونە سەرەتاییەکانی حەماس سەبارەت بە پلانی ئەمریکا بۆ غەززە گەیاندووە.
ڕۆژنامەکە هەروەها نووسیویەتی بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشداری داوە لەوەی ئەو پلانە "دوا چانس"ە پێش ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانی ئیسرائیل لە غەززە.
ئەلئەخبەر بڵاویکردەوە، بۆچوونە سەرەتاییەکانی حەماس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوێنێ (پێنجشەممە) لەلایەن تەمیم بن حەمەد بن خەلیفە ئەلسانیەوە بە ترەمپ گەیەندراوە.
ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕاشکاوی بە میسریان ڕاگەیاندووە، وەک ناوبژیوانێک، کە پلانی ترەمپ "دوا چانس"ە پێش ئەوەی ڕێگە بە ئیسرائیل بدات ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان ئەنجام بدات "بۆ نەهێشتنی حەماس و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە کە بنکەیان لە غەززە".
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە حەماس "وەڵامی ئەرێنی" دەداتەوە بە پلانی پێشنیارکراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە "لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا" و هەروەها کۆمەڵێک چاکسازی دەخاتە ڕوو.
سەرچاوەکە هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە وڵاتانی ناوبژیوان، میسر، قەتەر و تورکیا گفتوگۆی بەرهەمداریان لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە دۆحە سەبارەت بە پلانەکەیان کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی چاکسازییەکانی حەماس نەرمکردنی بەشێک لە بڕگە پێشنیارکراوەکان دەبێت، لەوانە کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە و چەکداماڵینی حەماس، کە نەتانیاهۆ لە کۆتا خولەکدا بۆ پلانە پێشنیار کراوەکە زیادیکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بی بی سی بڵاویکردبووەوە " بەرپرسی باڵی سەربازی حەماس لە غەززە بە ناوبژیوانانی وتووە کە لەگەڵ پلانی نوێی ئاگربەستی ئەمریکادا نییە. پێدەچێت عیزەدین حەداد، فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی حەماس، پێشنیاری نوێی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە حەماس داڕێژراوە، هەروەها ئەو گرووپە سوورە لە درێژەدان بە شەڕەکە."
بی بی سی ئاماژەی بەوەش کردبوو"دەوترێت بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی حەماس کە بنکەکانیان لە قەتەرە، بەو پلانە ڕازین، بە مەرجی هەندێک گۆڕانکاری."
ڕۆژی سێشەممە ترەمپ مۆڵەتی سێ بۆ چوار ڕۆژی بە حەماس دا تا ڕازی بێت بەو پلانە.