دواین هەواڵ

جیهان‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڵوێستی حەماس لەسەر پێشنیاری ترەمپ بۆ ڕاگرتنی شەڕ چییه؟

هەرێم نیوز

بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسی باڵی سەربازی حەماس لە غەززە بە ناوبژیوانانی وتووە کە لەگەڵ پلانی نوێی ئاگربەستی ئەمریکادا نییە. پێدەچێت عیزەدین حەداد، فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی حەماس، پێیوابێت ئەو گرووپە چ ئاگربەستەکە قبوڵ بکات یان ڕەتی بکاتەوە، پێشنیاری نوێی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە حەماس داڕێژراوە، هەروەها ئەو گرووپە سوورە لە درێژەدان بە شەڕەکە.

عیزەدین حەداد یەکێک بوو لەو فەرماندە سەربازییە کەمانەی کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسای دەکرد و ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەربازی لیواکانی قەسام بوو. لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا فەرماندەیی لیوای غەززە بووە. دەوترێت ئیسرائیل چەندین جار هەوڵی داوە بیکاتە ئامانج. دوای کوشتنی محەممەد زەیف و محەمەد سینوار، بڕیاردەری باڵای سەربازی حەماسە لە غەززە.

پلانی ئاگربەستی 20 خاڵە کە لەم دواییانەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشکەشی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی کرد و تێیدا هاتووە کە حەماس چەک دادەماڵێت و لە داهاتووی غەززەدا هیچ ڕۆڵێکی نابێت.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستبەجێ ئەو پلانەی قبوڵ کرد، بەڵام تا ئێستا حەماس ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە.

دەوترێت بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی حەماس کە بنکەکانیان لە قەتەرە، بەو پلانە ڕازین، بە مەرجی هەندێک گۆڕانکاری.

بەڵام واقیعی سیاسی ئەوەیە کە ئەوە سەرکردەکانی حەماس و باڵە سەربازییەکەی لە غەززەن کە بارمتەکانیان لەژێردەستدایە.

لە کۆی ئەو 48 بارمتەی کە هێشتا لە غەززەن، پێدەچێت تەنها 20 کەسیان لە ژیاندا بن.

هێشتا پرسێکی دیکە کە گومانی خستۆتە سەر قبوڵکردنی حەماس، ئازادکردنی هەموو بارمتەکانە لە ماوەی 72 کاتژمێری یەکەمی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەدا.

بە واتایەکی تر، دوای سێ ڕۆژ، حەماس ئیتر هیچ ئیمتیازێکی بۆ دانوستان نەماوە.

سەرەڕای دڵنیاییەکانی دۆناڵد ترەمپ کە ئیسرائیل پابەند دەبێت بە ڕێککەوتنەکەوە، بەڵام متمانەیەکی کەم لەناو حەماسدا هەیە لەسەر ئەم پرسە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP