هەرێم نیوز
ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی واشنتۆن و بەیروت ڕایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ لەم هەفتەیەدا 230 ملیۆن دۆلاری بۆ هێزە ئەمنییەکانی لوبنان پەسەندکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵای لوبنان.
سەرچاوەیەکی لوبنانی ئاگادار لەو بڕیارە ڕایگەیاند، ئەو پارەیە 190 ملیۆن دۆلار بۆ سوپای لوبنان و 40 ملیۆن دۆلار بۆ هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ دەگرێتەوە.
ئەم پارەیە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ زۆرێک لە بەرنامەکانی یارمەتی دەرەکی کەمکردووەتەوە و سیاسەتی "ئەمریکا یەکەم"ی لە پێشینەدا داناوە. بەڵام ئەو بودجەیە دەریدەخات کە ترەمپ پارەیەکی زۆر دەخاتە سەر چارەسەرکردنی قەیرانی غەززە و ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە: "هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزە ئەمنییەکانی لوبنان پاڵپشتی لە هەوڵەکانیان دەکات بۆ چەسپاندنی سەروەری لوبنان لە سەرتاسەری وڵات و جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیارنامەی ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تاکە چوارچێوەی پراکتیکییە بۆ ڕێکخستنی ئاسایشی بەردەوام لە نێوان لوبنانییەکان و ئیسرائیلییەکاندا".