هەرێم نیوز
دوای داواکەی ترەمپ بۆ ئاگربەست، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، نەتانیاهۆ، فەرمانی بە سوپای ئیسرائیلی کردوە ئۆپراسیۆمی داگیرکردنی شاری غەززە رابگرن، تەنها بەرگری بکەن لەخۆیان، لە ئەگەری هەر پێشهاتێکدا، ماڵپەرێ ئاکسیۆسیش پشتڕاستی دەکاتەوە، فەرمانکراوە بە سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنەکانیان ڕاگرن لە غەززە.
ئەمڕۆ شەممە، رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، بەفەرمانی نەتانیاهۆ، سوپای ئیسرائیلی ئاگادارکراوەتەوە کە هێرشەكانی لە غەززە ڕابگرن و بگۆڕدرێن بۆ دۆخی بەرگری، لایخۆشیەوە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل داگیرکردنی شاری غەززە رادەگرێت.
ڕادیۆکە ڕایگەیاندوە کە "دوای ڕاگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرکردایەتی سیاسی سوپایان ڕاسپاردوە ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی غەززە ڕابگرن".
لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل ڕێنمایی بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانی ترەمپ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەرکرد و ڕاسێگەیاندوە؛ ناهێڵێن حەماس هیچ دەستکەوتێکی هەبێت.
هەروەها ترەمپ ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، ستایشی هاوپەیمانانی کرد کە کاریان کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 ڕفێندرابوون.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ترەمپ دەڵێت: "ئەمە ڕۆژێکی گەورەیە، دەبینین چۆن کۆتایی دێت، دەبێت وشەی کۆتایی بە شێوەیەکی کۆنکرێتی بنووسین."
ترەمپ هیوای خواست بارمتەکان، لەوانە ئەوانەی کوژراون، بگەڕێندرێنەوە بۆ خێزانەکانیان.
لە کۆتایی گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێت: "زۆر نزیکین لە گەیشتن بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو کەسێک مامەڵەی دادپەروەرانەی لەگەڵ دەکرێت."
حەماس ئێوارەی دوێنێ هەینی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بزووتنەوەکە "ڕاوێژی قووڵیان لە چوارچێوەی دامەزراوە سەرکردایەتییەکانیدا ئەنجامداوە، هەروەها ڕاوێژی فراوانیان لەگەڵ هێز و کوتلە فەڵەستینییەکان و هەروەها لەگەڵ ناوبژیوانان و دۆستان" کردووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە حەماس "هەوڵە عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان بەرز دەنرخێنێت، لەوانەش هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کە ئامانج لێی وەستاندنی شەڕی کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ڕێگەدان بە چوونە ناوەوەی دەستبەجێی هاوکارییەکان و ڕەتکردنەوەی داگیرکردنی کەرتی غەززە یان ئاوارەبوونی دانیشتووانەکەی."
بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕێککەوتنی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندوو و مردووەکان ڕادەگەیەنێت، بەپێی ئەو خاڵانە و ئاڵوگۆڕەی لە پێشنیازەکەدا هاتووە، بە مەرجێک مەرجی مەیدانی پێویست بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنەکە دابین بکرێت"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئامادەیی خۆی بۆ چوونە ناو دانوستانەکان لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکان.
هەروەها حەماس ڕێککەوتنەکەی نوێکردەوە بۆ "ڕادەستکردنی ئیدارەی کەرتی غەززە بە دەستەیەکی فەڵەستینی سەربەخۆکان (تەکنۆکراتەکان) لەسەر بنەمای کۆدەنگی نیشتمانی فەڵەستین و پشتیوانی عەرەبی و ئیسلامی."
بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیە، "بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە ئایندەی کەرتی و مافەکانی گەلی فەڵەستین پەیوەستن بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی گشتگیرەوە کە لەسەر بنەمای یاسا و بڕیارنامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دامەزراون و لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی فەڵەستینیدا تاوتوێ دەکرێن کە بزووتنەوەکە تێیدا بەشدارە."