دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

حه‌ماس به‌ پلانه‌كه‌ى تره‌مپ رازى بوو

هەرێم نیوز

حەماس بە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززە ڕازی بوو و لە ڕاگەیێنراوێکدا هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی، نێودەوڵەتییەکان و ترەمپ بەرز دەنرخێنێت. هاوکات داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان، گەیاندنی دەستبەجێی هاوکارییە مرۆییەکان، ڕەتکردنەوەی داگیرکردنی کەرتی غەززە، ڕەتکردنەوەی ئاوارەبوونی گەلی فەڵەستین دەکات.

ئەمڕۆ هەینی، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا، وەڵامی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دایەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی، وڵاتانی دیکە و سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە، ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەرز دەنرخێنین.

بە گوێرەی ڕاگەیەنەراوەکە، بزووتنەوەکە ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دا، هەروەها ئامادەیە تەرمی بارمتە مردووەکانیش ڕادەست بکاتەوە، لە هەمان کاتدا بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی ترەمپ نیشان دا.

هەروەها بزووتنەوەی حەماس، ڕەزامەندیی خۆی لەسەر ڕادەستکردنی ئیدارەی کەرتی غەززە بە دەستەیەکی سەربەخۆی فەڵەستینی دووپات کردەوە.

لە 29ی ئەیلولی 2025 کۆشکی  سپی  پلانێکی وردی بڵاوکردەوە و داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لە کەرتی غەززە کرد، دواتر بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ ئاوەدانکردنەوە و داڕشتنەوەی دۆخی سیاسی و ئەمنیی کەرتی غەززە.

هاوکات ئەمڕۆ دۆناڵد تره‌مپ دوایین واده‌ى بۆ حه‌ماس دیارى كرد و وتى، "ئه‌گه‌ر تا رۆژى یه‌كشه‌ممە کاتژمێر شه‌شى ئێواره‌ به‌ پلانه‌كه‌ رازى نه‌بن، ئه‌وا دۆزه‌خێك هه‌ڵده‌گیرسێت كه‌ هیچ كه‌سێك پێشتر نه‌یبینیوه‌".

 

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP