هەرێم نیوز
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە میانەی كۆبونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی سوریا داوای دامەزراندنی هەرێمێكی کرد هاوشێوە هەرێمی كوردستانی عێراق، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەی ڕەتكردەوە.
كەناڵی سکای نیوز عەرەبی، ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، مەزڵوم عەبدی لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەحمەد شەڕەع، ئاستی داواکارییەکانی کوردی بەرزکردەوە و داوای هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی هاوشێوەی هەرێمی كوردستانی عێراق كردوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، فەرماندەی هەسەدە داوای دامەزراندنی ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری کردوە، هەروەها جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی یەکخستنی تەواوی (تێكەڵاوكردنی) هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریادا کردەوەتەوە و "لەگەڵ ئەگەری ئەوەی کە بەشێک بێت لە سوپا بەبێ یەکخستنێکی تەواو".
هاوکات لەگەڵ کۆبونەوەکەدا، وەزیری بەرگریی سوریا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ فەرماندەی هەسەدە ڕاگەیاند سەبارەت بە ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەوەش دوای پێکدادانەکانی حەلەب.
ئەوە لەكاتێكدایە شاندێكی باڵای ڕۆژاڤای كوردستان لە دیمەشقە بە سەرۆكایەتی مەزڵوم عەبدی كە ژمارەیەك بەرپرسی ئیدارەی خۆسەر لەخۆدەگریت لەناویاندا خاتو ئیلهام ئەحمەد. هەروەها ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و براد كوپر، فەرماندەی فەماندەیی هێزەكانی ناوەندیی ئەمریكا و تۆم باراك، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا بەشدارن.