دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: ئامادەین لە بواری دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری هاوکاریی عێراق بکەین

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، ئامادەین لە بواری دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری هاوکاریی عێراق بکەین. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 10/7 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەممار ئەلحەکیم سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. لەمبارەیەوە بە گرنگییەوە ئاماژە بە ڕێککەوتنی سێ لایەنەی ئەم دواییە و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان درا و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم ڕێککەوتنە، ببێتە دەستپێکێک بۆ ڕێککەوتن لە سەر دەرکردنی یاسای تایبەت بە نەوت و گاز .

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراجۆرەکاندا، بە تایبەتی پڕۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای بەردەوام و کاراکردنی سیستەمی بانکی و پڕۆژەی هەژماری من، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو . سەرۆکی حکومەت ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ ئەوەی لە بواری دابینکردنی کارەبا و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی پڕۆژەی ڕووناکی و چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هاوکاری حکومەتی فیدراڵ بکات .

ئەوەش هاتووە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کرا و هەردوولا هیواخواز بوون ببێتە سەرەتایەک بۆ قۆناخێکی نوێ لە لەیەکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی مافەکانی گشت پێکهاتەکان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP