هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی لە ڕێککەوتنی ئاشتی غەززە کرد کە دۆناڵد ترەمپ پێشکەشی کرد و نووسیویەتی تاران هەمیشە پشتیوانی لە هەر کردار و دەستپێشخەرییەک دەکات کە بریتی بێت لە ڕاگرتنی شەڕ، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، هێنانی یارمەتی مرۆیی، ئازادکردنی دیلەکانی فەلەستینی و بەدیهێنانی مافەکانی فەلەستین.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی: " کۆماری ئیسلامی ئێران وەک لایەنگرێک لە بەرخۆدانی ڕەوای گەلی فەلەستین لەسەر ڕێگای گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین، لەم دوو ساڵەدا هەموو توانا دیپلۆماسییەکانی خۆی بەکارهێناوە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی ناوچەیی و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ گوشار خستنە سەر ئیسرائیل و لایەنگرانی بۆ ڕاگرتنی جینۆساید و کشانەوەی داگیرکەران لە غەززە".
پلانی ترەمپ بۆ ئاشتی لە غەززە، بە پشتیوانی وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی هاوپەیمانی ئەمریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بە ڕێککەوتنی حەماس و ئیسرائیل کۆتایی هات.