دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستی غەززەی راگەیاند

هەرێم نیوز 

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ نێوەندگیرەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە. ئەمەش دوای دوو ساڵ لە جەنگ. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کردووە. ترەمپ جەختی کردەوە "ئەمە مانای وایە بەم زووانە هەموو دیلەکان ئازاد دەکرێن" و ئیسرائیلیش هێزەکانی بۆ هێڵێکی رێککەوتوو دەکشێنێتەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەهێز و هەمیشەیی. 
 
ترەمپ لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیال ئاماژەی بەوەدا، مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بە دادپەروەرییەوە دەکرێت و ئەم راگەیاندنەشی بە "رۆژێکی گەورە بۆ جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان" وەسف کرد. هەروەها سوپاسی نێوەنگیرەکانی کرد بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و وتی، "نەتەنیاهوو زۆر دڵخۆشە و دەبێت واش بێت".
 
ترەمپ پێشبینی کرد لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی ئیسرائیل بکات و رەنگە لە کنێسێت (پەرلەمانی ئیسرائیل) وتارێک پێشکەش بکات و وتی: "ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت من لە کنێسێت وتارێک پێشکەش بکەم و منیش بە دڵنیاییەوە ئەوە دەکەم ئەگەر بیانەوێت."
 
رێککەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دوای 734 رۆژە لە جەنگ. ترەمپ باسی لەوە کردووە، "هەوڵەکانی هەموو جیهان یەکیان گرتووە بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە".
 
بزووتنەوەی حەماس رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، "کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر لە کەرتی غەززە، گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەخۆدەگرێت". حەماس جەختی لەوەش کردەوە لیستی دیلە فەلەستینییەکانی رادەستکردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە ئازاد دەکرێن.
 
لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لە دانوستانەکانی میسر رێککەوتن لەسەر خاڵەکانی جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کراوە. دووپاتیشی کردەوە رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل و زیندانییانی فەلەستینی.

ئەوەی تاوەکو ئێستا لەسەر قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە زانراوە: 
 
- بڕیارە دوای 72 کاژێر تەواوی بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل ئازادبکرێن.
 
- ترەمپ و نەتەنیاهوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام بدەن.
 
- قەتەر و میسر و تورکیا نێوەندگیری جێبەجێکردنی پلانی رێککەوتنەکە بوون.
 
- دەروازەی رەفەح دەکرێتەوە و هاوکاری دەگاتە نێو غەززە.
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بە نەتەنیاهووی گوتووە، ئیسرائیل ناتوانێت لەگەڵ جیهان بجەنگێت و ئەویش ئەوە زۆر باش تێدەگات. گوتیشی، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدات. 
 
لەلایەکی دیکەوە، بزووتنەوەی حەماس رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "کۆتایی بە شەڕی غەززە و کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر و گەیشتنی یارمەتییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان دێنێت. ئەمەش لە کۆتایی رۆژی سێیەمی دانوستانەکانی شاری شەرم شێخ لە میسر بوو".
 
حەماس سوپاسی هەوڵەکانی نێوەندگیرەکان لە قەتەر و میسر و تورکیا و هەوڵەکانی ترەمپی کرد بۆ راگرتنی یەکجارەکی شەڕ و داوا دەکات، وڵاتە گەرەنتییەکارەکان "رێگە بە داگیرکەر نەدەن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە خۆیان بدزنەوە". 
 
هەروەها، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبوونەوەی حکومەت بەڕێوەدەبات بۆ پەسندکردنی رێککەوتنە و دەڵێت، هەموو بارمتەکان دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان. 
 
کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، شەڕ لە غەززە کۆتاییهاتووە. 
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP