هەرێم نیوز
کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دوورگەی ئیمرالی کۆتاییهات و شاندەکە رایدەگەیەنێت، سبەی نێوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان بڵاودەکەنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی، راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانی شاندی پارتەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای سێ کاتژمێر و نیو کۆبوونەوە، شاندەکە کۆتایی بە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان هێنا و دوورگەی ئیمرالیی جێهێشت.
ئاماژە بەوەشدراوە، سبەی شەممە 4ی 10ی 2025، ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بەڕاگەیەندراوێکی نوسراو بڵاودەکرێتەوە.
شاندەکە پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا؛ میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی و پارێزەر فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ.
ئەم سەردانانە لە کاتێکدان، پڕۆسەیەکی چارەسەریی یەک ساڵە لە تورکیا دەستیپێکردووە و دەسەڵات، ئۆجەلان و دەم پارتییش دەڵێن، هەوڵ دەدەن ئەنجامی باشی هەبێت.