دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی بۆ سودانی: نابێت هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ بفەوتێت

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت.

ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە دەستکەوتێکی گرنگ ناوبرد کە لە خزمەتی هەموو عێراقییەکاندایە .

سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی کرد بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە گرنگە و سەرۆکی حکوومەتیش دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز.

سەرۆکی حکومەت داواشی کرد کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن . گوتیشی نابێت مووچەکانی ئەمساڵیش بفەوتێن .

سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی حکومەت هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026 ، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت.

سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ جەختی کردەوە کە دەرفەتی ئابووری گرنگ لە ئارادان بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی زیاتر لە هەموو عێراق ، لە بەسڕەوە تا هەرێمی کوردستان .

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژی ڕێگەی گەشەپێدان کرا ، کە بۆ ئەم مەبەستە، بەم زووانە لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو عێراقدا دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP