دواین هەواڵ

ئابوری‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

تورکیا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم هاتە دەنگ

هەرێم نیوز

ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە راگەیاند. ئەمەش لە کاتێکدایە گفتوگۆکان بۆ داڕشتنەوەی رێککەوتنێکی نوێی نەوتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەستیپێکردووە.

بایراکتار نووسیویەتی، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا دەستیپێکردەوە." ئاماژەی بەوەشدا، بۆرییەکە "بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی شوباتی 2023 بە کاتی داخرا و لە 4ی ئۆکتۆبەری 2023 لەلایەن کۆمپانیای بوتاشی تورکییەوە ئامادە کرایەوە و خرایەوە گەڕ."

بەگوێرەی رێککەوتنی عێراق و تورکیا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەناو خاکی تورکیادا تا بەندەری جەیهان، لەلایەن کۆمپانیای بوتاشی تورکییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

رێککەوتنی عێراق و تورکیا بۆ هەناردەی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهان لە 27ی ئابی 1973 واژۆکراوە و لە چەند دەیەی رابردوودا چەندین جار گۆڕانکاریی تێدا کراوە. دواهەمینیان لە ساڵی 2010 بوو کە بۆ ماوەی 15 ساڵ نوێکرایەوە و ساڵی داهاتووش درێژکردنەوەکە کۆتایی دێت.

رۆژی 21ی تەممووزی 2025 سەرۆکایەتیی تورکیا مەرسومێکی لەبارەی رێککەوتنی هەردوو وڵات بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 27ی تەممووزی ساڵی 2026، کارکردن بە رێککەوتنەکە و سەرجەم پرۆتۆکۆل و یاداشتنامە هاوپێچەکانی رادەگرێت.

لە ئێستاشدا عێراق گفتوگۆ تەکنیکی و سیاسییەکانی لەگەڵ تورکیا دەستپێکردووە بۆ داڕشتنەوەی رێککەوتنێکی نوێ بە ئامانجی فراوانکردنی ئاسۆکانی هەماهەنگی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ تورکیا و بازاڕەکانی جیهان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP