هەرێم نیوز
بەرپرسێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، خشتەی مووچەی مانگی نۆ ئامادەیە، لەسەر داوای سەرۆكایەتیی دیوان و وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە مانگی داهاتووەوە، لیستی مووچەی خانەنشینانیش بە تەواوی بە سیستمی پەیرۆڵ ئامادە دەكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە، هیوا ئەفەندی بەرپرسی تەكنەلۆجیا و زانیاری لە ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوی كردەوە، خشتەی مووچەی مانگی نۆ لە سیستمی پەیرۆڵ ئامادەیە و بەكارهێنەرانی KRDPASS دەتوانن وردەكاریەكانی مووچەیان ببینن.
ئاماژە بەوەش كراوە، لەسەر داوای سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكایەتیی دیوان و وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە مانگی داهاتووەوە، لیستی مووچەی خانەنشینانیش بە تەواوی بە سیستمی پەیرۆڵ ئامادە دەكرێت. بەمەش وەزارەتی دارایی كۆنترۆڵی تەواوی بەسەر پرۆسەی دابینكردن و دابەشكردنی مووچە، بە شوازێكی دیجیتاڵی پێشكەوتوو و دادپەروەرانە دەبێت.
سیستمی دیجیتاڵی پەیرۆڵ، یەكێك لە گرنگترین ئەو سیستمانەیە كە لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێم لە كابینەی نۆدا، جێبەجێ كراوە و كۆتایی بە كێشەیەكی قووڵدا هێناوە.