دواین هەواڵ

ئابوری‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆمپانیایەکی ئەمریکی: دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت "هەنگاوێکی گرنگە" بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

هەرێم نیوز

کۆمپانیای HKN ئێنێرجی، ئەمڕۆ هەینی پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان بەغدا، هەولێر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیاوە و بە "هەنگاوێکی گرنگ" بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرە بیانییەکان ناویبرد.

کۆمپانیاکە کە بنکەکەی لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکایە، لە راگەیێندراوێکدا دەستخۆشیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ "سەرکردایەتیی یەکلاییکەرەوەی،" ستایشی "هاوبەشیی بەهێز و سووربوونی" مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیشی کرد لە دانوستاندنە چەند مانگییەکەدا کە بووە هۆی گەیشتن بەو رێککەوتنە.

ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN رایگەیاند، "کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا هەنگاوێکی گرنگە بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان،" هەروەها ئاماژەی بە "پشتگیریی گرنگی حکومەتی ئەمریکا" کرد.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو لایەنەکان رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیایەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی دانپێدانراو بۆ وردبینیکردن بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت.

ئەو کۆمپانیایە یەکلایی دەکاتەوە کە کۆمپانیاکان لە بەرامبەر دەرهێنان و فرۆشتنی هەر بەرمیلێک، چەند دۆلاریان پێ دەدرێت.
لەم قۆناخەدا، کۆمپانیاکان بۆ هەر بەرمیلێکی هەناردەکراو 16 دۆلار وەردەگرن، وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.

دوای تەواوبوونی راپۆرتی کۆمپانیا سەربەخۆکە، گۆڕانکاریی کۆتایی لە نرخەکەدا دەکرێت، کە بە گوتەی HKN، پێویستە "رەنگدانەوەی بەهای بازاڕی هەناردە بێت."

کۆمپانیای HKN رێککەوتنەکەی وەک رێکارێکی کاتی، بەڵام "گرنگ،" ناودەبات و جەخت لەوە دەکاتەوە، "جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنەکە، کلیلی مسۆگەرکردنی سەقامگیریی درێژخایەنی هەناردەکردن و خۆشگوزەرانیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP