دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

چیرۆکی محەممەد کوردی...

کاتێک بەو تەمەنی پانزە ساڵییەوە گەیشتمە ئەو شارە گەورەیە ترسێک دایگرتبووم، ترسی ونبوون و دیارنەمان، ترس لە خەڵکی زمان جیاواز و کەلتوور جیاواز، ترس لە دنیایەکی جیاوازتر، ترس لە پایتەخت.
هاوینی ساڵی 1994 بوو، لەگەراجە گەورەکە کە پێیان دەوت گەراجی نەهزە دابەزیم، لەنزیک چێشتخانەکانی دووزخورماتوو لەسەر ڕێگای کەرکوک بەغدا دەمەوبەیانییەکی زووبوو سواری پاسێکی درێژبووم و شوێنێکم بۆ خۆم کردەوە، خۆم و جانتایەک کە هەندێک جلوبەرگی تێدابوو، پارەیەکی زۆر کەمیش، بەغدا خۆت بگرەو بۆ ئیش هاتم.
پێش عەسربوو گەیشتم، ناونیشانێکم پێبوو، شەقامی جمهوری، چێشتخانەی شیلان. جانتایەکەمدا بەشانمدا و بەپێی کەوتمەڕێ، بەو یەک دوو وشە عەرەبییەی دەمزانی بەرەو جمهوری کەوتمەڕێ، بە کۆڵانەکاندا، بە شەقامە پانەکاندا، بەژێر سابیتەکاندا ڕێگام بڕی و نیو کاتژمێرێک کەمتر لەبەردەم چێشتخانەی شیلاندا خۆم گرتەوەو هاوڕێ دەربەندیخانییەکانم بینی و ترسەکانم ڕەوییەوە.
هەر لەو نزیکانە و لەوبەری پەیکەرەکەی ڕەسافییەوە هوتێلێک هەبوو خاوەنەکەی پزیشکێک بوو دایکی کوردبوو خزممان بوو باوکیشی عەرەب بوو، هوتێلەکەی ناوی ئاسیابوو، بەو ناونیشانە دۆزیمەوەو خۆم بەو کەسە ناساند کە هۆتێلەکەی بەڕێوەدەبرد.کتوپڕ دوای تەلەفۆنێک بۆ خاوەنەکەی ژوورێکی پێدام و وتی خۆشی دوای مەغریبان دێت، ئەوەبوو دوای مەغریب لوتفێکی زۆری نواندو وتی چەند ڕۆژ لێرەدەبی لێرەبەو پارەش نادەیت.
ئەو ڕۆژە دوای پشوویەک، پێش مەغریب بەهیوای بینینی ئەو شارە گەورەیە ڕۆیشتمە دەرەوە بۆ لای هاوشارییەکانم و بەئومێدی دەستکەوتنی کارێک کەوتمە گەڕان.
ئەو سەردەمە بەغدا شارێکی جەنجاڵ بەڵام شەوانی دڵگیربوو، پیاسەی جمهوری و چوونە سەعدون چێژێکی تایبەتی هەبوو، بینینی پاسی دووقات و گەڕان تیایدا زۆر تایبەتبوو، ئێوارەیەک لەگەڵ نەوزاد کە هاوشاریم بوو سواری ئەو پاسانەبووین وتی تا ڕانەوەستێ دانابەزین، ئەو ڕۆژە نیوەی بەغدای گەڕاندین، لە دوایین شوێن کە دایبەزاندین ئەوەندە دووربوو لە شوێنەکەی خۆمانەوە شەوبوو بە تەکسی هاتینەوە.
ناونیشانی ناسراوێکی دیکەم هێنابوو پێیان دەوت (محەممەد کوردی)، پێیانوتبووم خێزانەکەی خزممانە بەڵام زۆر دووربوو، خزمی ئەوسا جیاوازبوو، هەرچەندە دووریشبوایە هەر خزم بوو، نەک وەک ئێستا نزیکەکەشت خزم نییە.
پیاوێکی باریکەلە، ڕەنگە تەمەنی لە سییەکاندا بێت، ڕیشێکی ڕەش و بارێک، هەرچەندە دەموچاوی زۆر نەدەکرایەوە، بەڵام کە پێدەکەنی و  دەتبینی پاکی و بەرائەتێکت تیا دەدۆزییەوە، ئەوە (محەممەد کوردی) بوو.
ئێوارەیەک بوو لەبەردەم چێشتخانەی شیلاندا خۆم پێناساند، زۆر لوتفیکرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی، ناونیشانی شوێنەکەی خۆی پێدام. سبەینێیەکەی چوومە شوێنەکەی، دوو ژووربوو لە باڵەخانەیەکی ئەو نزیکانە، چەند کەسێک تیایدا جلوبەرگیان دەدووری، زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی کردم و خۆزگەی خواست ئیشێکی هەبووایە بۆ من، چەند تەلەفۆنێکیشی کرد هەر ئیشێکی باشی دەستگیرنەبوو، زۆری لێکردم دوای عەسر سەری لێبدەمەوە.
دوای عەسر چوومەوە بۆ لای، سوێندی خوارد لەگەڵیدا ئێوارەکەی بڕۆمەوە بۆ ماڵ، پێکەوە بەپاس چوینەوە بۆ ماڵەکەیان لە مەدینە سەدر.
مامۆستا بەفراوی خێزانی کە یەکەمجارم بوو بیبینم زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی کردم، ئەو کە مامۆستای ئامادەیی بوو ڕێگای ژیانی کەوتبووە بەغدا و لەوێ دەژیا.
شەوێکی فێنک بوو، هەوای بەغدا لەشەواندا زۆر خۆشبوو، لەحەوشەکەیاندا جێگایەکی داخستبوو، خوانێکی خۆش و ناوازەی بۆ ئامادەکردبووین، ئەو شەوە ئەو دووانە نەیانهێشت هەست بەدڵتەنگی یاخود غەریبی ئەو تەمەنە بکەم و بۆ هەمیشە وێنەیەکیان لەخەیاڵمدا نەخشاند کە ئێستاش دیمەنی ئەو شەوەو ئەو حەوشە سادەیە و ئەو دانیشتنە پڕ لە موحیبەتە لەمێشکمدایە.
هەرچەندە ئاڵوگۆڕەکانی ژیان وایکرد ئیتر ئەو خێزانە نەبینمەوە، بەڵام ساڵانێکی دواتر لەسەرووبەندی  ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام کاتێک خەڵک خەریکی تاڵانکردنی دامودەزگا حکومییەکانی بەغدابوون، ئێمەش بەدیار کەناڵی جەزیرەوە دانیشتبووین، کتوپڕ لەشوێنێکی دیکەدا کوردی هاوڕێمان قسەی بۆ پەیامنێرەکە جەزیرە دەکرد و دەیوت زۆر عەیبە ئەو خەڵکە خەریکی تاڵانی و دزییە ئەوە نەخودا قبوڵی دەکات و نە ویژدان و شەرەف تۆ قوتابخانەو فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دیکە تاڵان بکەیت، دەشیوت ئەو و هاوڕێکان ڕێگەیان لەچەند دزێک گرتووە ویستویانە تاڵانی بکەن.
ساڵان هاتن و ساڵان ڕۆیشتن. کوردی ڕۆحی شادبێت گەڕایەوە بۆ لای خودای خۆی، مامۆستا بەفراوی خێزانیشی چەندین ساڵە لەڕێکخراوێکی خێرخوازیدا لەدەربەندیخان خەریکی کاری خێرخوازییەو هەژاران و نەخۆشان و مناڵانی بێباوک بەختەوەر دەکات. ئای یادت بەخێر محەممەد کوردی.

 

هێمن مەحمود



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP