هێمن عەبدولقادر
ژن و پیاوێک بەدارستانێکدا دەڕۆیشتن، پیاوەکە لە پێشەوە ڕۆیشت و ژنەکە لەدواوە سەرنجی ڕێگاکەی دەدا ، لەپڕ ژنەکە قۆرییەکی کۆنی ئەفسوناوی دۆزییەوە ، بردی لە قەراغی چەمێکدا پاکی بکاتەوە ، لەکاتی پاککردنەوەی قۆرییەکەدا ، دێوێکی زەبەلاح هاتە دەرەوە و بەژنەکەی گوت (چ داواکارییەکت هەیە تا بۆت جێبەجێبکەم ؟) ، ژنەکە وتی (سێ داواکاریم هەیە)
دێوەکە گوتی (سێ داواکاری زۆرە ، یەک دانە زیاترنییە!)
ژنەکە گوتی زۆرباشە، من کەسێکم حەزم لە ئاشتییە ، دەمەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، جەنگ بوەستێ ، جبەخانە و تانکەکان بێدەنگ بکرێن ، منداڵەکان یاری بکەن ، دەوڵەتەکان پەلاماری یەکتری نەدەن ، خەڵک هەناسەیەکی کورت هەڵمژن.
دێوەکە دەستی کرد بە گیرفانیا و جگەرەیەکی ڕۆسمەنی شینی داگیرساند و مژێکی قوڵی لێدا و گوتی:-
(دەزانی هەزاران سالە لەم ناوچەیە شەڕە، ڕەنگە هەزاران ساڵی تریش بخایانەێت)
ڕاستە من لەکارەکەمدا باشم ، بەڵام بەو ڕادەیەش نا ، کە مەحاڵ بگۆڕم بۆ حاڵ و ئاسێ، داوایەکی تر بکە خوشکی بەرێزم.
ژنەکە کەمێک بیری کردەوە و وتی، دەی باشە ئاواتێکی ئاسانت پێدەڵێم بۆئەوەی بتوانیت جێبەجێی بکەیت:-
(تا ئێستاش ئەو پیاوەی ناو خەونەکانم نەبینیوە کە ئاواتم پێ دەخواست ، لەگەڵم بێت لە پێش و پاشمەوە نەروات و لە تەنیشتمدا بێت و خۆشی بوێم هەموو کاتێک ، خواردنم بۆ دروست بکات ، فێڵم لێنەکات و لەسەر قەنەفە چەقەڵاو ژوور پاڵنەکەوێت و شت بڵاو نەکاتەوە و داواکاری زۆر نەبێت)
دێوەکە سەرێکی کردەوە بەناو قۆرییەکەدا و ئیسپات وجودێکی کرد و بە مناڵەکانی وت ئێوە نانی خۆتان بخۆن با من بچمە دەرەوە بزانم بۆ ئەم خاتوونە چیم پێ ئەکرێت ؟
دێوەکە هاتەدەرەوە و سەیرێکی پاکەتەکەی کرد جگەرەی تیانەمابوو ، هەنێک گەڵا و گژوگیای کۆکردەوە و لە کاغەزی پاکەتەکەی ئاڵاند و دەست کرد بەکێشانی ، وتی خوشکی من واز لەم داواکاریەی دووەم بهێنە ، بڕۆ خەریتەیەکم بۆ بهێنە ، بزانم سەبارەت بە مەسەلەی ئاشتییەکەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چیم پێئەکرێت.
..................................
ئەریک فرۆم لەیەکێک لە کتێبەکانیدا باسی ئەوەدەکات ، مرۆڤ تاکە زیندەوەرە کە هۆشیارییەکەی زۆرجار بەرەو شادی و ئارامی نایبات بەڵکو بەرەو نیگەرانییەکی قوڵ دەیبات.
بۆیە زۆرینەی جار مرۆڤی هۆشیار لەنیگەرانییەوە نزیکترە ، تا شادی ، هەر ئەم نیگەرانییەش ژیانی لێئەکات بە دەرد ، سەبارەت بە بچووکترین شت کرمێک دەکەوێتە مێشکی ، هەمیشە پرس و جوو لەگەڵ هەمووان دەکات ، ناهێڵێت ساتێک ئارام ببێتەوە.
ئەگەر پیاوێکت دەوێت ببێتە دێوەکەی عەلادین بۆ ئەوەی ئاواتەکانی تۆ بەدیبهێنێت ، ئەم پیاوە بوونی نییە ؟ پیاوگەلێکی زۆرمان هەیە مالەکانیان جێدەهێڵن و ڕێگایەکی دورتر لەجەنگ دەبڕن بەڵام بەرگەی ئەو هەموو داواکارییە یەک لەدوای یەکەناگرن.
ئەگەر ژنێکت دەوێت ، وەکو کاڵا وەکو کۆیلە ئاوات و خەیاڵاتەکانی تۆ بەدیبهێنێت ، ئەمڕۆ ڕۆبۆتەکانیش ناتوانن ئەم کارە بکەن ، چ جای بگات بە مرۆڤرکان.چ جای بگات بەژنێک!
.....................
کاتێک هاوسەرەکەت ، منداڵەکەت، ژێردەستەکانت ، خەڵکەکەت وەک ئوتومبێل و کەلوپەلەکانت بەهی خۆتت زانین ، ئەوکات خەیاڵی ئەوانی تر بۆشادی و ئازادبوون سەر هەڵدەدات و توانای تۆش بۆ دابینکردنیان سنور دار دەبێت ، ئەوکات ناچاری داوای نەخشەی مەحاڵ بکەیت ، بۆ ئەوەی ئارامی مرۆڤێک یان کۆمەڵگایەک دابین بکەیت.
حەمدی گوتەنی :-
(شکاری شێری دڵ قابیل بەخۆتە
لەتۆم دیوە فتوحاتی بەبێ جەنگ)
ڕاوکردنی دڵێک کە پڕبێت ، لە خەیاڵات و منێتی و خۆسەنتەری ، هەر بە ئینسانێک دەکرێت ، کە لە دەرەوەی شەڕ و جەنگ و توندوتیژی، هونەرێکی تر بزانێت ، هونەری ڕونکردنەوە ، هـێمنێتی ، درک کردن، ئەگەر ئەمەمان زیادکرد ، شتەکان زیاتر ڕوون دەبنەوە و پێکدادانەکانمان کەمتر دەبنەوە.ئەگەریش هەر خەیاڵی شتی ئەستەم و داواکاری ئەستتەمان بۆ یەکتری هەبوو ئەوکات دەبێت داوای نەخشەگەورە بکەین چونکە شەڕە بچووکەکانی خۆمان بوونەتە مەحاڵ و ئەستەم
نوقتە سەری دێڕ ...