دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

پێکەنین ، وەک (تفاق)ی بەرگری!

هێمن عەبدولقادر

دەڵێن ژنێک تەلەفۆنی بۆ پیاوەکەی کرد و وتی: «بەناخێری گیانت لە کوێی؟ وا سەعات ٤ی ئێوارەیە و تا ئێستا نەهاتوویەتەوە!»
پیاوەکە وتی: «ژنەکە، بیرت دێ کاتێک هاوسەرگیریمان کرد، من زۆر هەژار بووم و هیچم بۆ نەکردیت؟»
ژنەکە ئەوەندەی تر توڕە بوو و وتی: «جا ئەوە چی پەیوەندییەکی بە نەهاتنەوەی جەنابتەوە هەیە؟»
پیاوەکە بە تۆنێکی زۆر لەسەرخۆ وتی: «بیرتە بەلای دوکانێکی زێڕنگەردا ڕۆیشتین، تاقمێک ئەڵماس و تاقمێک بازنگ و ئاڵتوونی جوانی لێ دانرابوو؟ بیرتە تۆ چاوت چووە سەری و ئاهێکت هەڵکێشا؟»

ژنەکە کە کەمێک هێور ببووەوە وتی: «بەڵێ بەداخەوە، چاک چاکم لەبیرە. قابیلە ئەو ڕۆژانە لەیاد بکەم کە چیمان چەشت پێکەوە؟» پیاوەکە وتی: «ئەی بیرتە پێم گوتی: ئیشەڵا ڕۆژێک نەمرم، ئەو تاقمە ئاڵتوونە دەبێت بە هی تۆ؟»

ژنەکە کە بەتەواوی هێمن ببووەوە وتی: «ئای.. بەڵێ گیانەکەم، چاکم لەبیرە، قوربانت بم.» ئیتر پیاوەکە وتی: «وەڵڵا حالییەن لە چایخانەیەکم، خەریکی دۆمینەم ڕێک بەرامبەر ئەو دوکانی ئاڵتوونفرۆشە!»
..................
جا شێخی سەعدی دەڵێت: «کابرایەک کەوانێکی پێبوو، پێش لەشکر کەوتبوو و دەیوت دەچم بۆ شەڕ». وتیان: «ئەی کوا تیرەکانت؟ کەوان بێ تیر چۆن شەڕی پێ دەکرێت؟» وتی: «ئەگەر دوژمن تیری هاوێشت، تیرەکان هەڵدەگرمەوە و تێیان دەگرمەوە». وتیان: «ئەی ئەگەر دوژمن تیری نەهاوێشت؟» کابرا وتی: «باشتر، ئەوە یەعنی شەڕەکە ڕووی نەداوە و منیش بە سەلامەتی دەگەڕێمەوە».
لە بردنەوە و سەرکەوتن باشتر ئەوەیە نەهێڵیت شەڕەکە ڕووبدات؛ بە نوکتەیەک، بە پێکەنینێک، بە هێمنییەک، ئاو بکەیت بە ئاگرەکەدا. کاتێک شەڕەکە ڕوویدا، کەس نازانێت فریای هەڵگرتنەوەی تیرێک یان پێکەنینێکی تر دەکەوین یان نا.
......................
زستانی نەوەدەکانە و بەفرێکی زۆر باریوە. ماڵمان لە گەڕەکی ڕزگارییە و کۆمەڵێک کوڕ و کاڵی گەنج و منداڵین. هەموو ڕۆژێک ڕوومان لە مزگەوتی "وەفایی" دەکرد. لە شوێنی دەستنوێژەکە، بەردێکی ساف و لووسی خڕی لێبوو، ئێمەش دوای دەستنوێژ، یەک یەک بەردەکەمان دەشۆرد و دەمانهێنا بە دەم و ددانماندا، چونکە پارەی سیواکمان پێنەبوو. ڕۆژێک مامۆستای مزگەوتەکە وتی: «ڕۆڵەکانم، دەزانن ئەو بەردە هی چییە؟» ئێمەش وتمان: «نە وەڵڵا مامۆستا گیان!» مامۆستا گوتی: «ڕۆڵە، ئەو بەردە لە کاتی مردووشۆردندا دەیهێنین بە عەورەت و پاش و پێشی مردووەکەدا، چونکە جائیز نییە دەست بردن بۆ هەندێک شوێنی مردوو». ئیتر وتی: «ئێستا ئێوە وەک ئەوە وایە دەمتان هێنابێت بە عەورەتی هەرچی مردووی ئەم ناوچەیە هەیە!»
..................................
پێکەنین لە کاتی جەنگدا بە واتای بێڕێزی بە قوربانییان یان نەبوونی هەست نییە، بەڵکو جەختکردنەوەیە لە ژیان. مرۆڤ بە بەرامبەرەکەی دەڵێت: «من هێشتا مرۆڤم و هێشتا لێرەم.» وەگەرنا ،
(پێکەنینی تاڵی من غەمگینترە لە گریان
کار لە شیوەن تێپەڕیوە، پێکەنینە دەمگریێنێ)
لە دوای ساڵی نەوەد و یەک، وەفدێکی (UN) چووبوون بۆ لای بارەگای یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان و وتبوویان: «چیتان پێویستە بۆتان دابین بکەین؟» بەرپرسی بارەگاکەش وتبووی: «داوا لە یوئێن دەکەین هەندێک تڕ و تفاقمان بۆ دابین بکات». ئیتر بە چوار وەرگێڕ نەیانزانیبوو بە ئینگلیزی بە "تڕ و تفاق" دەڵێن چی!
جا واز لە (ت..)ەکە بهێنن بەڵام هەر بەڕاستی پێویستیمان بە هەندێک (تفاق) و ئازووقەی دەروونی هەیە، کە لەم سەرمای زستان و گەرمی سنوور و داخبوونی تفەنگانەدا، وەک (سەروپێ) و (نەگمەکوتاو) دەروونمان گەرم بکاتەوە.
چونکە ئێمە بە پێکەنین بە بەرامبەرەکەمان دەڵێین: «تۆ دەتوانیت بە یاسا و دەسەڵاتەکانت ئازاری جەستەمان بدەیت، بەڵام ناتوانیت ناچارمان بکەیت بەو شێوەیە بمانبینیت کە تۆ دەتەوێت.»
نوقتە سەری دێڕ ......
................................................................
*سڵاو لە خزمانی هەورامان ، ئێوە ناتوانن بوکە بەفرینەکانیشمان وەک ئەوانەی خۆتان لێبکەن ئێمە بووکە بەفرینەکانیشمان جیاوازە ،جا ئەو ستایلی سمێڵە کاتی خۆی زۆر مۆدی بوو ، ستایلی یەک پەنجەییان پێ ئەوت
دانەیەکی تر لە وەسفی رژێمدا بە وەفدێکی وتبوو پێیان بڵێ توشمان بووە بە توشی مارەکەی هۆمەرە کوێرەوە ، موتەرجیمەکە وتبووی ماڵت بە قور نەگیرێ من مارەکەی هۆمەرە کوێر چۆن بکەم بە ئینگلیزی
**کاتێک کارەسات هێندە گەورە دەبێت کە فرمێسک شکۆکەی دەرناخات، مرۆڤ خۆنەویستانە پەنا بۆ پێکەنین دەبات.
بۆیە دەرفەتی پێکەنین لەدەست مەدەن، چونکە ئازار خۆی دەماندۆزێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP