دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

پەنجا کیلۆ لە ئازار

هێمن عەبدولقادر

.............
ئەو کیسە چیمەنتۆیەی کە لە سەری نوسراوە (٥٠کگم) ئەوە تەنها کێشی کارگەیە ، کێشی ڕاستەقینەی کیسەکە تەنها ئەو کەسە دەیزانێت کە دەیخاتە سەرشانی ،کێشەکەی ئەو کاتە دەردەکەوێت ، کە تراکتۆرێک و تاهۆیەک بە تەنیشتی یەکدا دەڕۆن ، کێشی ڕاستەقینەی ئەو کاتە دەردەکەوێت ، کە بۆنی مەنجەڵێک یاپراخ و بۆنی کەڵەکیم و تۆپێک ئەیزۆگام بە تەنیشتی یەکدا دەڕۆن ، کێشەکەی لە چاوی ئەو هەژارەدا دەردەکەوێت کە جلی ئاڵ و واڵای ناو کۆستەر و چەپڵە لێدان و قریوەی گۆرانی بەراورد دەکات بەو هەورازەی کە بارەکەی تێدا سەرناکەوێت ،
کاتێک مرۆڤ دەزانێت هەموو ڕێگاکان بۆ سەیرانگاکان ناچن و هەنێکیان بۆ دەستی قڵیشا و شکانی فەقەرات و بڕبڕەی پشت دەچن ، ئیتر لەوێدا شتەکان بە کێش ناپێورێن بەڵکو بە شکۆ و کەرامەت دەپیورێن ، شکۆیەک کە قورسترە لە پەنجا کیلۆ و سوکترە لە ویژدانی زۆرینەی دەسەڵاتدارەکان.
.....................
ئەوانەی لە نزیک چیاکان دەژین ، پرسیویانە (مار بۆچی بە ڕێکی ناڕوات) ژیرترین کەسیان وەڵامی داوەتەوە (چونکە ئەو شوێنانەی مار پیایدا دەڕوات خواروخێچە) ، دەزانم خەیاڵی مرۆڤ بە ڕێکی ناروات چونکە ژیان خۆی لە بنەڕەتدا خوارو خێچە ، ڕێگاکان بۆ هەندێکمان کۆتایی هەفتەیە و بۆ هەندێکمان بەرەنگاربوونەوەی مردن و سەرەتای نانە.
(زانیومە سوئی ئەدەبە شەکوای ئەحواڵ
چ بکەم ، دەسەڵاتم نییە بێ سەبر و سەباتم)
حەریق گوتەنی :-
دەزانم ئینسانی گەورە زۆر سکاڵا و گلەیی ناکات ، بەڵام بێ سەبر و سەباتم کاتێک مرۆڤ پێنج مەتر پشتێنی گوڵگوڵی دەبەستێت لە خۆیی و کاتێکیش کەسێکیش لەسەر شۆستەیەک دانیشتووە و پێنج مەتر وایەری ئێڵتی لە خۆی بەستووە بۆ ئەوەی کەسێک بیبات بۆ سەر کار.
پێشینان گوتوویانە (دۆم) هەتا ڕووتبێت مەزافی خۆشترە ، نووسەر هەتا ڕووت بێت و منەتی بەکەس نەبێت و ئازاری زۆرتر بێت ، مەزاج و زەوقی نووسینی جوانتر و خۆشترە .
نوقتە سەری دێڕ.....
.................................................
بیست ساڵێک پێش ئێستا دەعوەتی حەفلەی تەخەروجی کۆمەڵێک هاوڕێ بووین ، پرسیمان فڵان کەسی هاورێمان بۆ نەهاتووە ؟ وتیان دایکی زۆر ناساغە نەیتوانیوە بێت ، بەڵام کاتێک یەکێک لە هاوڕێکانمان بە بیانووی دەست شۆرین خۆی کردبوو بە چێشتخانەی هۆڵەکەدا ، بینیبووی قاپی هاوڕێکانی دەشوات ئەو رۆژە لەکاربوو ، ئەو کات زانیمان لەگەڵ هەڵپەڕکێ و قاقای خەڵک و دەنگی دیجەی ، چی لە دەست و پەنجە و چاو و دەروونی ئەودا ڕویداوە.

*جیهان سێ جۆر مرۆڤ دروست دەکات ،
*یەکێکیان ئەوەیە کە ئازار دەچێژێت ، بەڵام هێشتا بەختەوەرە (چونکە درک بە ئازارەکەی ناکات) ،
*یەکێکیان ئەوەیە کە درک بە ئازاری ئەوانی تر دەکات (لەهەمووان بەد بەخترە ، خۆی ئازاری نییە بەڵام هی ئەوانی تر دەچێژێت)
هەرچەندە ئاستی تێگەیشتن و درکپێکردن بەرز بێتەوە، ئازارەکەش قووڵتر دەبێت.

ئەو گروپەی کە درک بە ئازاری ئەوانی تر دەکەن، لە ڕاستیدا دیواری نێوان خۆیان و جیهان یان ڕووخاندووە. ئەوان تەنها لەناو پێستی خۆیاندا ناژین. کاتێک کەسێک دەبینن ئازار دەچێژێت، سیستەمی دەمارییان وەک ئەوە وەڵام دەداتەوە کە بەسەر خۆیاندا هاتبێت. ئەمە مەزنترین سیفەتی مرۆڤانەیە، بەڵام لە جیهانێکی ماددی و خێرا وەک ئێستا، دەبێتە گەورەترین نەفرەت.

* یەکێکیان ئەوانەن کە بەلای هەموواندا دەڕۆن و هیچ هەستێکیان نییە ، ئەوان جیهان تەنها لە ورگ و داوێن و غەریزەدا دەبینن ، ئەوانەن کە تەنها خەریکی ماستاو و سەردانی فڵان کەس و رەسمگرتنن ، ئەمانە ئەو بەخشراوانانە کە ئیشەڵا لەو دونیا سەرو دە دۆنمیان لە فیردەوستی ئەعلا هەیە ، جیهانیش تەقریبەن خەریکە بۆ ئەم بەخشراوە (کۆمەڵایەتیانە) یەکلای دەبێتەوە ، جونکە هیچ ئەهلیەتێکی درک کردن و ئازار چەشتن و خەیاڵ کردن و بیرکردنەوەیان لەگەڵ چواردەوریان نییە.ئەوان وزەی دەروونیی خۆیان بۆ بیرکردنەوە و خەیاڵکردن و مەزافی ڕووت خەرج ناکەن، چونکە بیرکردنەوە گومان دروست دەکات و خەیاڵیش دڵتەنگی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP