لە فیلمی (slumdog millionaire- ملیۆنەری هەژار)دا ، (سەلیم) و (جەمال) دوو مناڵی هەژاری سەر شەقامەکانی (مۆمبا)ین ، لە هیندستان ، جەماڵ دوای ژیان و خۆشەویستی دەکەوێت و سەلیمیش دوای دەسەڵات و پارە ، کاری سەلیم بەجۆرێک ترسناک دەبێت تێکەڵی گروپە گەورەکانی مافیا دەبێت ، تەنانەت دەستدرێژی دەکاتە سەر خۆشەویستی براکەی ، خەڵک دەڕفێنێت ، دەخواتەوە ، قومار دەکات ، خەڵک دەکوژێت ، زەوی داگیر دەکات . هەتا لە کۆتایی ڕێگاکە شڵپێک ئاو دەدات بە دەموچاویدا و لە ئاوێنەکە تەماشای خۆی دەکات و سەرەنجام خۆی و سەرۆکی گروپەکە دەکوژێت.
....................
خراپترین دۆخێک کە بۆ ئینسانێک دێتە پێشەوە ئەوەیە کە بگاتە شوێنێک مەجالی گەڕانەوەی نەبێت ، لەوەش خراپترە ئەوەیە کە مرۆڤ هەرگیز بوێری ئەوەی نەبێت لە ئاوێنەیەک ، لە خەیاڵێک ، لە تەنهایدا کەمێک لە خۆی ڕابمێنێت و بزانێت بووە بەچ دڕندەیەک !!
ئەو ئینسانەی دەستی بۆنی شەقام و بازاڕ و ژیان و مێلاقە و شیعر و ئێوارە کۆڕ و هوونەری لێدەهات ، ئێستا بۆنی پارە و بانک و زەوی و دەسەڵاتێکی ترسناکی لێبێت.
بەجۆرێک کە تەنانەت ، کەسە نزیکەکانی خۆیشی نەیناسنەوە.
هەر کاتێک مرۆڤ گەیشتە ئەو شوێنە پێویستە بوەستێت ، شڵپێک ئاو بدات بە دەمووچاویدا و بڵێت تا هەموو ڕێگاکان دانەخراوە ، بگەڕێمەوە.
...................
(آن تهی مغز را چە علم و خبر
کە بر او هیزم است یا دفتر)
ئاژەڵی باربەر کتێبی دونیای لێبنێیت هیچ مەغز و خەبەرێکی لێی نییە ، هەر وا ئەزانێت دارە ،
ئینسانێک کە سەری لەناو شیرینی دەسەڵات و گەورەی و پارەدا نوقم دەبێت ، گوێی لێنییە ، هەزار داستان و چیرۆک و حیکمەت و فەلسەفە و لۆژیکی بۆ بهێنەرەوە تێی ناگات ، هەتا ئەو کاتەی وەک (سەلیم) لەناو بانوێیەکی پڕ لە دۆلاردا ، کۆتایی بەخۆیی و ئەوانی تریش دێنێت.
هەموو شتێک لە دونیادا بە سەرەیە ، دەوڵەمەندی و هەژاری ، جوانی و ناشیرینی ، گەنجی و پیری ، ژیان و مردن ، دەسەڵات و بێ دەسەڵاتی ، وەک سێبەر و هەتاو دەکەوێتە سەر هەموو کەسێک و بەجێشی دەهێڵێت.
کورد دەڵێت (سوار و پیادە هەردووکیان دەگەنەجێ ، بەڵام درەنگ و زوو کەوتووە) ئەگەر سوار بوویت، لایەنی کەم بیرت بێت زۆر ئەسپی ڕەسەن لە غاردا قاچی شکاوە و پەکی کەوتووە ،لایەنی کەم بیرت بێت شا و گەدا ، هەردووکیان کاریان دەکەوێتە یەکتری.
کارێک مەکەن ، نەتوانن بگەرێنەوە ، نەتوانن شڵپێک ئاو بدەن بەدەمووچاوتاندا بوێری ئەوەتان نەبێت لە ئاوێنەیەکدا تەماشای خۆتان بکەن ، نەتوانن لە تەعزێیەک ، لە شاییەک ، لە نەخۆشخانەیەک ، لە کاتی تەنگانە و پێداویستییەک ،تەنانەت ڕوتان نەیەت سەیری کەسە نزیکەکانیشتان بکەن.
.......................
ئەوەندە لەسەر غروری سەرکەوتن و دەستکەوتەکانت مەوەستە ، کە ڕۆژێک تەنها کەوتیت ، هیچت پێنەکرێت ، دونیا لەماوەی بیست و چوار کاتژمێردا ، شەوت نیشان دەدات و ڕۆژیش ، باران ئەبارێنێت و تینووشت دەکات ، هەموو شتێک لە دونیادا بە نۆرەیە ، نەکەی لە نۆرەی خۆتدا ، کارێک بکەیت ڕووت نەیەت تەماشای ئاوێنەکە بکەیت ، سوپا پێش ئەوەی هێڕش بکات ، ڕێگای گەڕانەوە سەلامەتتر دەکات ، نەکەی ڕێگای گەڕانەوەی خۆت بۆلای خەڵک و کەسە نزیکەکانت ببەستیت ، دونیا بۆخۆی نوکتەیەکە گاهێک دەتخاتە پێکەنین و گاهێک گریان.
وەرە، ئەم نیکتەیە، من پێت بڵێم (نالی) ئەگەر فەرزن
هەموو دونیات هەبێت هێشتاکو ، هەر حەیران و داماوی
لە دونیادا (هیچ سوارێک ناتوانێت بەتەنها تەپ و تۆز بکات) دەتکاتە ملیۆنێر بەدەسەڵات ، بەڵام تەنهای ناو ماڵ و شەقامەکان.
نوقتە سەری دیڕ ....
هێمن عەبدولقادر