دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی عێراق شنگالی کردووەتە بارەگایەکی سەربازی

هەرێم نیوز

حکومەتی عێراق فیدراڵ بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی لەبری داننان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان و بەرگریکردن، سیاسەتی بە سەربازگەکردنی ناوچەکە پەیڕەو دەکات، بە ئامادەبوونی ١١ هەزار سەرباز و پۆلیس و چەکداری هێزە جۆراوجۆرەکان و درووستکردنی دەیان بنکەی گەورە و بوونی گەمارۆیەکی بەرفراوان، شنگالی کردووە بە ناوچەیەکی سەربازیی داگیرکراو و بە شێوازی سەربازیی و هەواڵگری بەڕێوەدەبرێت.

 لە دوای١٦ی ئۆكتۆبەرەوە بە زیاتر لە ١١ هەزار سەرباز و پۆلیس و چەكداری گرووپە جیاجیاكان، لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە شنگال گەمارۆ دراوە، بەپێی زانیارییەكان ناوچەكە بووەتە مۆڵگەی هێز و بەردەوامیش ژمارەیان زیاتر دەبێت.

بیانووی حكوومەتی ئێستەی عێراق ئەوەیە گوایە ئەو سنوورە لەگەڵ سووریا نزیكە و بۆ خۆپارێزییە لە گەڕانەوەی داعش.

لە ئابی ٢٠١٤ رێكخراوی داعش هێرشی كردە سەر شنگال، بەهۆیەوە ٤٨ هەزار خێزانی كوردی ئێزیدی لەو شارۆچكەیە ئاوارە بوون، زۆرینەیان پەنایان بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان برد.

رێكخراوی داعش كۆمەڵكوژییەكی گەورەی لە شنگال ئەنجام دا و هەزاران كوردی ئێزیدیشی رفاند، ئەمە جگە لە وێرانكردنی تەواوی سنوورەكە.

دواتر لە ١٣ی١١ی٢٠١٥ دا هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بارزانی و بە پشتیوانیی هاوپەیمانان، توانی شنگال لە دەست چەكدارانی داعش رزگار بكات.

هەرچەندە حكوومەتی عێراق دواتر چەندان جار دابینكردنی بودجەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستە كارێكی ئەوتۆ لەو شارە نەكراوە و وێرانەكانی پاش داعش، وەك خۆیان ماونەتەوە.

رۆژی ١٤ی نیسانی ئەمساڵ، ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕی ٥٠ ملیار دیناری بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال تەرخان كردووە، لە چوارچێوەی بنیاتنانەوەی سنوورەكە و  گێڕانەوەی ئاوارەكان.

رۆژی ١٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، لە پێناو گەڕاندنەوەی تەناهی و سەقامگیری و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، رێككەوتنێكیان واژوو كرد، سەرەڕای داوای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تا ئێستە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە.

بەگوێرەی زانیاریەکان، سوپای عێراق بەشێوەی گەمارۆدان هێزەکانی خۆی لە دەوروبەری شنگال جێگیر کردووە، چەکی قورس وەک تۆپهاوێژ، تانک، هامەر، زرێپۆش و بە گشتی نزیکەی هەزار ئۆتۆمبێلی سەربازیی لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، سەبارەت بە هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ناوچەکە، هەمان سەرچاوە باس لەوە دەکات کە جگە لە نزیکەی حەوت هەزار سەربازی سوپای عێراق، دوو هەزار پاسەوانی سنوور لە سنووری شنگال و ڕۆژئاوا هەن، هەروەها نزیکەی ١٠٠٠-١٢٠٠ پۆلیس وەک هێز لە ناو گوند و شارۆچکەکەدا هەن.

سەبارەت بە ژمارەی هێزەکانی سەربە حەشدی شەعبی کە وەک لیوای ٧٤ خۆی ناساندووە، ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئاماژەی بەوەدا، پیشبینی دەکرێت دەوروبەری هەزار سەرباز بن، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی سەربە پەدەکە کە زیاتر کە دەوروبەری شەرفەدین جێگیربوون، لە نێوان ٧٠٠-٨٠٠ کەسدان.

تا دێت سوپا و هێزە چەکدارەکان بە دەیان دۆنم لە زەوی کشتوكاڵی، شوێنی کار وەک بەنزینخانە، کێڵگە پەلەوەرییەکان و هتد… داگیر دەکەن و دەیخەنە خزمەتی خۆیانەوە.

زیادبوونی ئەو ژمارە زۆرەی هێزی سەربازیی و چەکداریی کە لە دەرەوەی شنگالەوە هێنراونەتە ناوەوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی هەیە، لە هەموو شەقام و گەڕەک و جادەی گشتییەکاندا ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و سەربازی بارکراو بە چەکی قورس لەناو خەڵکدا دەسوڕێنەوە. عێراق ئەم پێشێلکارییە دەکات، سەربازانی سوپای عێراق بەبێ جیاوازی لە گوند و ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.

بەشی زۆری ئەو هێزانە، لەسەر خانوو و زەویی خەڵكی ناوچەكە بارەگەیان دامەزراندووە و بەتەواوی داگیریان كردووە، خەڵكی رەسەنی ناوچەكەیان لە خاكی خۆیان بێبەش كردووە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP