دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

شڵەژانی شەبەنگی ئۆتیزم

ئۆتیزم بریتییە لە تێکچونێکی ئاڵۆز لە گەشەی دەماری تاک، بە بێتوانایی لە پەیوەندی و کۆمەڵایەتیبوون، لەگەڵ دووبارەکردنەوە و یەکجۆری جوڵە و ئارەزووەکان دەناسرێتەوە. لە تەمەنی منداڵییدا دەردەکەوێت و دروست دەبێت. یەکێکە لەو گرفتانەی کە لە ئێستادا زۆر باسی دەکرێت و بەردەوام ڕێژەی دەستنیشانکردن بە ئۆتیزم بەرز دەبێتەوە. ئۆتیزم واتە بوونی کێشە لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەوانی تر، و بوونی ئارەزوو و جوڵەی دووبارە و سنوردار لای منداڵ، کەوا دەکات منداڵ زیاتر لەناوخۆیدا بژی. ئۆتیزم چەندین شکڵ و شێوەی هەیە و تەنها یەک شێوە نییە، لەبەرئەوەشە ئیستا پێیدەوترێت؛ شڵەژانی شەبەنگی ئۆتیزم. ئەم گرفتە لە سەرەتای تەمەنیی ساواییەوە دەردەکەوێت، زۆربەی حاڵەتەکان پێش تەمەنی ٣ ساڵان دەردەکەون.
لە کوردیدا دەتواندرێت وشەی "خودتەنیایی" بۆ بەکاربهێندرێت، وەکو چۆن بە عەرەبی وشەی "التوحد" بەکاردەهێندرێت، زۆر لە مانای وشەی ئۆتیزمەوە نزیکن. ئۆتیزم؛ زاراوەیەكی یۆنانییە لە وشەی " auto" کە بە مانای "خود: self" دێت، لەگەڵ پاشگری (ismos) کە بە واتای "دۆخ: state" دێت پێکهاتووە. بە لێکدراوی بە واتای دابڕانی خود دێت.
زانا کانەر (Leo Kanner) لە ساڵی ١٩٤٣، بۆ کۆمەڵێک منداڵ کە لە ڕووی گەشەوە کێشەیان هەبوو، ئەو وشەی بەکارهێناوە، ئەو یەکەم کەس بوو کە ئەم نەخۆشییەی ناسیوەتەوە و ناوی ناوە. ئەو منداڵانەی کە کانەر بە ئۆتیزم ناوی بردوون، جۆرێکی تایبەت لە ئۆتیزمیان هەبووە. یەکەم کەسیش کە ئەو وشەی بەکارهێناوە زانا بلورەر (Eugen Bleuler) بووە، کە لە سالی ١٩١١ ئەو وشەی بۆ کۆمەڵێک نیشانە کە نەخۆشانی توشبوو بە شیزۆفرینیا هەیانبووە بەکارهێناوە! واتە لە ڕووی وشەوە لە ساڵی ١٩١١ بەکارهاتووە، بەڵام وەکو نیشانەیەکی نەخۆشی شیزۆفرینیا کە پێدەوترا بیرکردنەوەی ئۆتیزمی (Autistic thinking).

دکتۆر جەعفەر عومەر
پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونیەکان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP