هێمن عەبدولقادر
ڤیدۆیەک هەیە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ژنێکی بەتەمەن ئامۆژگاری کۆمەڵێک گەنجی زانکۆ ئەکات ئەڵێت (دەخیلتان بم دەینم بە ملتان ، واز لە هەرچی شت هەیە بیهێنن ، بەس حووب بکەن حووب ، حووب و بەس)
ڕستەکە لە ڕوکەشدا کۆمیدی دەردەکەوێت ، بەڵام لە مانا و مەغزادا قوڵ و سەرنج ڕاکێش.
دەخیلتان بم بەس خۆشەویستی بکەن ، حوووب و بەس.
پیرێتیتان خۆش بوێت ، چونکە خەڵکێکی زۆر هەر بە گەنجی مردوون ، گەنجێتیتان خۆش بوێت چونکە خەڵکێکی زۆر هەر بە ساوایی مردوون ، ژنێتی خۆتان خۆش بوێت چونکە پیاوگەلێکی مەزن لە کاتی جەنگدا گریاون ، پیاوێتی خۆتان خۆش بووێت ، چونکە ژن گەلێکی زۆر لە سەرمایی بێ خۆشەویستیدا مردوون.
......................
هاوڕێکانتان خۆش بوێن ، چونکە پێویستتان پێیان دەبێتەوە ، وەختێک دەچنە تەمەنەوە و خانەنشین دەبن ، کورسی و مێز و دەسەڵاتەکانتان دەکەوێتە دەستی کەسێکی تر ، بۆ دەسێک تاوڵە ، بۆ چاخواردنەوەیەک ، بۆ گێڕانەوەی یادگارییەکان ، بۆ ئازاری مەرگی ئازیزەکانتان ، بۆ ئەو کوڕ و کچانەی گەورەت کردن و هەڵتەی شاران بوون پێویستیتان بە هاورێکانتان دەبێتەوە ، بۆ ڕێگای مزگەوت ، بۆ دەستگرتن ، بۆ سەرەی معاش پێویستیتان بە هاورێکانتانە.
ئوتومبیلەکان لە سەرما و گەرما و پیادەڕەوی دەتپارێزن ، بەڵام گێڕ و مەکینە و چبنە و تەگەر ناتوانن دەردە دڵیان لەگەڵ بکرێت ، بانیۆ و جاکوزی و دووش و کاشی ماڵەکانتان چڵک و خەفەت لادەبەن ، بەڵام ناتوانن دەست بەدڵتا بهێنن.
هەتا ئەتوانن ، حوووب بکەن ،
ئاخر مرۆڤ بوونەوەرێکی سەیر و ئاڵۆزە لە کاتی دڵتەنگی و تەنهایدا بیر لە خۆشەویتی دەکاتەوە ، هەر وەکو ئەو کاتەی کە جەنگ دێت و بیر لە گۆرانی ئاشتی دەکاتەوە.
...........................
هەموو شتێکتان خۆش بووێت ، تالە سپییەکانی سەرتان نیشانەی ئەزموونە ، چرچەکانی دەوری لێو و چاوتان نیشانەی گریان و پێکەنینە ، بە بۆتۆکس و فیلەر پڕی مەکەنەوە ، لەبری ئەوە خۆشەویستی بدەن بەسەریدا.
حووبتان بۆ دروستکراوەکانی خودا هەبێت ، چاوی بێگوناه و برسی پشیلە و سەگ و چۆلەکە و کوکوختی و مامز و کەروێشک و پەڕبەڵەکان،بۆن و بەرامەی مێلاقە و بەیبوون و شەوبۆ و ئاورنگی سەر گەڵاکان ، جوانی خەرمانەی مانگ و گەرمی ڕۆژ و قەڵبەزەی تاڤگەکان ، لە دەنگ و هاژە و چاوی ئەواندا پڕە لە دەسەڵات و خۆشەویستی خودا.
.......................
(هیچ ئامۆژگارییەک ناتوانێت وەک وەجبەیەک خواردنی باش ، دیدی مرۆڤێکی برسی بەرامبەر بە جیهان بگۆڕێت). هەر بەو جۆرە هیچ شتێک ناتوانێت ئازار و برین و تەنهایی و چەرمەسەرێکانی مرۆڤ وەک وەجبەیەک باش لە خۆشەویستی و حووووب، دیدی مرۆڤێک ، ئاژەڵێک ، دڕندەیەک ، بەرامبەر گومان و ئازارەکانی هەموومان بگۆرێت.
یەکتریتان خۆش بوێت ، جیهان زۆرێک لەوانەی تاجیان لەسەربووە و سوپایەکی زۆر لە پاش و پێشیان ڕۆشتووە لە یاد کردووە ، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە ئەوانە لەیاد بکات کە خۆشەویستیان بەخشیوەتەوە.
............................
جا ئەڵێن کابرایەک ، هاوڕێیەکی ئەباتەوە بۆ میوانی و ، لەبەر چاوی هاورێکەی دەڵێت (ئاژنەکە گیان بەو دەست و پەنجە جوانانەت دوو چامان بۆ تێکە) کابرای میوانیش ئەم ڕستەیەی بەلاوە زۆر جوان دەبێت و ئەڵێ شەرت بێ منیش بڕۆمەوە ئەم ڕستەیە تاقی بکەمەوە ، دەچێتەوە مالەوە و بە ژنەکەی دەڵێت (ئا ژنەکە گیان بەو دەست و پەنجانەت چایەکمان بۆ تێبکە) ، ژنەکەش دەڵێت (دە فڵتە فڵت تۆ و ڕۆمانسیەتیان کوا وتووە) ، ئیتر ئەڵێن پیاوەکە ، ئێستا سێ نەوع موعەسەلی نێرگەلەی تێکەڵ کردووە و بەتەمایە ، ئەسپەنیک و بڕنووتیشی بۆ زیاد بکات
کاتێک حوووب ڕەتدەکرێتەوە ، هەموو ئەوانی تر سەر هەڵدەدات ، (مەستی ، ئاڵودەبوون ، ڕق ، تۆڵە ، ناپاکی ، جنێو) ئەبیت بەمرۆڤێک زۆرجار لەبەردەم ئاوێنە و تەنهایدا سڵ لەخۆت دەکەیتەوە.
(شکاری شێری دڵ قابیل بەخۆتە
لەتۆم دیوە فتوحاتی بەبێ جەنگ)
حەمدی دەڵێت ڕاوکردنی دڵی شێر بەبێ جەنگ و تیر ، هەر بەمرۆڤێک دەکرێت ، کە بزانێت چۆن حووب بۆ دڕندەیەک بۆ دەردەدارێک ،دەربرێت.
هەر حوب و خۆشەویستییە دەتوانێت بە کەسێک بلێت کوا بەرخەکەم ، کوا پشیلەکەم ، ئەویش بڵێ مااااع ، میاااو ، ئەگەرنا لەدەرەوەی حوب بە ئیهانەی تێدەگات.
(حووب و هەموو دونیا)
نوقتە سەری دێڕ....
................................................
(ان ربی رحیم ودود) خودا خۆی یەک پارچە میهرەبانی و خۆشەویستی و حووبە