دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

دەرباره‌ی كوژرانی کوڕەکانی سەدام زانیاریی نوێ ئاشكرا ده‌كرێت

هەرێم نیوز

شێخ نه‌واف زێدان له‌ شێخه‌كانی پارێزگای مووسڵ كه‌ عوده‌ی و قوسه‌ی هه‌ردوو كوڕی سه‌دام حوسێن له‌ ماڵه‌كه‌ی ئه‌ودا كوژران، باسی ورده‌كاریی زیاتری ئه‌و رووداوه‌ ده‌كات.

زێدان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پشتپەردەی بابەتەکەی کرد و ڕەتی کردەوە میوانداریی عودەی و قوسەی کردبێت، چونکە میوان سەنگ و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵکو خۆیان هاتبوونە ماڵەکەی بەشێوەی خۆ سەپاندن و ماوەی 24 ڕۆژ مابوونەوە، و جەختی لەوە کردەوە کە "بڕیارەکە ئاسان نەبووە و بارودۆخی ئەمنی و سیاسی لەو کاتەدا لەژێر کۆنترۆڵ دەرچوو بوو، ئەمەش وای لێکرد ببێتە لایەنێکی سەرەکی لە ڕووداوێکی مێژوویی کە ڕێڕەوی ڕووداوەکانی گۆڕی".

وتی: "لە ماڵ چوومە دەرەوە و نەمدەزانی بۆ کوێ بچم تا هەواڵیان لێ بدەم.. ڕۆژێک پێش کوژرانیان ویستم بچمە لای ئەمریکییەکان، نەمدەزانی ئەمریکییەکان لە کوێن، تەنیا ئەوەم دەزانی کە لە کۆشکە سەرۆکایەتییەکانن. لەوێ سەربازانی ئەمریکیم بینی و منیش ئینگلیزیم نەدەزانی، پێم وتن کە زانیارییەکم هەیە و دەمەوێت هەواڵ بدەم... تێنەگەیشتن و چوون وەرگێڕێکیان هێنا، بە وەرگێڕەکەم وت کە بابەتێکی گرنگم هەیە و زانیارییەکانم پێدان."

ماڵی شێخ نەواف زێدان، خانوویەکی سێ نهۆمیی بوو، دەکەوتە ناوچەی "ئەلدور" لە موسڵ، لە ڕۆژی 22ی 7ی 2003 گەمارۆ درا و ڕووبەڕووبووەنەوە ڕوویدا و لە ئەنجامدا عودەی و قوسەی لەگەڵ مستەفای کوڕی گەورەی قوسەی لەگەڵ پاسەوانێک بە ناوی عەقید عەبدولسەمەد ئەلحەدووشی کوژران.

ئه‌وكات هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌سێك كه‌ خۆی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه‌ پێیانی راگه‌یاندووه‌ كه‌ كوڕه‌كانی سه‌دام له‌ ماڵی شێخ نه‌وافن، دوای ئه‌و زانیارییه‌ 30 ملیۆن دۆلاریان پێ داوه‌ كه‌ وه‌ك خه‌ڵات ده‌ستنیشان كرابوو.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP