هەرێم نیوز
مشعان جبوری، پەرلەمانتاری پێشوی عێراق دەڵێت: محمەد حەلبوسی داوای (200) ملیار دینار لەو كاندیدە دەكات پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێت، بە بیانوی ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا خەرجی كردووە.
جبوری لە سەكۆی "ئێكس" بەبێ ئەوەی ناوی حەلبوسی بهێنێت، نوسیویەتی: ئاشكرابوو كە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە كورسی سەرۆکایەتی کۆمار تەنها داڵغەیە، ناپاكی لەگەڵ هاوبەشەكانی و سەركردەكانی حزبەكەی و دوورخستنەوەی ركابەرەكانی دادی نەدا.
بە راست و چەپدا بەلێنی دا، سازشی كرد بەڵام بێ سوود بوو. كاتێكیش دركی بەوەكرد سەرۆكی پەرلەمانی بۆ نابێت، ئێستا کاندیدێکی دەوێت بەڵێن بدات ئەو ٢٠٠ ملیار دینارەی بداتەوە گوایە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا خەرجی کردووە.
ئەم گرژییە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی کۆبونەوەکانی "ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی" کە هێزە سوننەکان لەخۆدەگرێت، كە باس لە کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەكرێت كە 24 کاتژمێر پێش یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدەدرێت، بە ئامانجی دیاركردنی یەک کاندید بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان لە جیاتی ڕۆیشتن بەرەو کێبڕکێیەکی کراوە لە ناو هۆڵی پەرلەماندا.
بەپێی نەخشە دەستورییەکان، یەکلاکردنەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و جێگرەکانی وەک دەروازەیەک بۆ هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دادەنرێت، پاشان ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکومەت و کابینەی وەزاری لە چوارچێوەی کاتە دیاریکراوەکاندا.