هەرێم نیوز
هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە میدیا پارتی راگەیاند، ڕێکارەکانی گەڕانەوەی 70 کۆچبەری کوردیان بۆ هەرێمی کوردستان تەواو کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی 12ی 2025، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە میدیا پارتی راگەیاند: "تەواوی ڕێکارەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی 70 کۆچبەری کوردمان تەواو کردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی چووبوونە نێو خاکی لیبیاوە."
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەش دا، هەوڵەکان بە چڕی بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی دەیان کۆچبەری دیکەی کورد و عێراقی لە ناوچە جیاوازەکان و وتی: "باڵیۆزخانەکەمان بە هەماهەنگییەکی بەرز لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لیبیا کار دەکات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە و ڕادەستکردنیان بە ناوەندەکانی داڵدەدان."
هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو، تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیی مرۆڤ بەردەوامن لە هەڵخەڵەتاندنی گەنجانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆیە داوا لە خێزانەکان دەکات ڕێگە نەدەن منداڵەکانیان بخەنە نێو مەترسییەکانی کۆچی نایاساییەوە.
بە وتەی سەحاف، باڵیۆزخانەکە جگە لە ڕێکارە یاساییەکان، هەلی پەیوەندیکردنی کۆچبەران بە خێزانەکانیانەوە دەڕەخسێنێت و هاوکات خواردن و دەرمانیان بۆ دابین دەکات.
جێی باسە لیبیا بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنی و نەبوونی حکوومەتێکی ناوەندیی بەهێز، بووەتە یەکێک لە وێستگە سەرەکی و مەترسیدارەکانی کۆچی نایاسایی بەرەو ئەورووپا و بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، کۆچبەران لەو وڵاتە ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن و مامەڵەی نامرۆڤانە دەبنەوە.