دواین هەواڵ

عێراق‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

حکوومەت بڕیاریدا، 50%ـی قەرز لەسەر دەزگاکانی راگەیاندن هەڵدەگرێت

هەرێم نیوز 

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی تایبەت بە قەرزی سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستە ڕوو.

شێروان عەوڵا ڕایگەیاند، قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014 تا ساڵی 2025 کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەرجەم سێکتەرەکان هەبووە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش پشکیان لەم زیانانە بەرکەوتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە قەیرانی دارایی، دەرکەوتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (سۆشیاڵ میدیا) و گواستنەوەی ڕیکلامەکان بۆ ئەو پلاتفۆرمانە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهات و قازانجی تەلەفزیۆن و کەناڵەکان.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن ڕوونی کردەوە، لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، پێشنیازێکیان ئاراستەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان کردووە و دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیران کاری لەسەر کراوە و پەسەند کراوە. بەگوێرەی بڕیارەکە، حکوومەت لە 50%ــی قەرزی کەڵەکەبووی سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن خۆش دەبێت، ئەمەش وەک هاوکارییەک بۆ ئەوەی بتوانن پابەندبوونی داراییان جێبەجێ بکەن.

سەبارەت بە مەرجەکانی بڕیارەکە، ناوبراو جەختی کردەوە کە کەناڵەکان دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا ئەو 50%ـەی قەرزەکەی کە دەمێنێتەوە، بە یەک گوژمە بدەنەوە.

هۆشداریی دا ئەگەر لەو ماوەیەدا قەرزەکە نەدرێتەوە، ئەوا بەگوێرەی زانیارییەکان ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە، لەجیاتی ئەوەی کەناڵەکانیان دابخرێت یان پەخشەکەیان ڕابگیرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP