دواین هەواڵ

وەرزش‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

هاندەرانی زاخۆ خەڵاتی باشترین هاندەریان بردەوە

هەرێم نیوز

یەکێتیی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تى ناسراو به‌(فیفا)، خەڵاتی باشترین هاندەری لەسەر ئاستی جیهان بەخشییە یانەی زاخۆ.

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان شایستەی وەرگرتنی خەڵاتی "باشترین هاندەری فیفا"ن بۆ ساڵی 2025.

ئینفانتینۆ لە هەژماری فەرمیی خۆی نووسیویەتی، هۆکاری بەخشینی ئەم خەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵوێستە دڵخۆشکەر و مرۆڤایەتییەی کە هاندەرانی زاخۆ لە مانگی ئایاری 2025 ئەنجامیان دا.

لەو کاتەدا و پێش دەستپێکردنی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی "حودود"، هاندەرانی زاخۆ لەسەر سەکۆکانەوە هەزاران یاری و بووکەڵەی منداڵانیان هەڵدایە ناو یاریگاکە. دواتر ئەو یارییانە کۆکرانەوە و بەخشرانە منداڵانی نەخۆش و ئەوانەی لە شارەکەدا پێویستیان بە هاوکاری بوو.

جیانی ئینفانتینۆ سەبارەت بەم هەڵوێستە نووسیویەتی: "ئەم ساتەوەختەی بەخشندەیی و سۆزی بەکۆمەڵ، زۆر کاریگەر و ئیلهامبەخش بوو، ئەوەی پیشان دا کە چۆن تۆپی پێ یەکمان دەخات و بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی فیفا دەڵێت: "جێگەی شانازییە بۆ من کە پیرۆزبایی لە هەمووتان بکەم، زۆر سوپاستان دەکەم."

ئەم بڕیارەی فیفا دوای ئەوە دێت کە هاندەرانی "کوڕانی خابوور" لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، بە دروستکردنی کەشێکی بێوێنە، بەرزکردنەوەی تابلۆی هونەری تیفۆ و پڕکردنی بەردەوامی یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ، سەرنجی میدیا جیهانییەکان و چاودێرانی وەرزشییان بەلای خۆیاندا ڕاکێشا.

بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە جیهانییە بە ڕووداوێکی مێژوویی دادەنرێت بۆ وەرزشی کوردستان و عێراق، چونکە یەکەمجارە جەماوەری یانەیەکی کوردی بتوانێت لەسەر ئاستی جیهان کێبڕکێی گەورەترین جەماوەری یانە ئەورووپی و لاتینییەکان بکات و پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP