هەرێم نیوز
ئەستێرە بەرازیلییەکە بە دۆخێکی دەروونیی خراپدا تێدەپەڕێت و دوای ئەوەی لەلایەن هاندەرانی یانەکەیەوە فیکەی بۆ لێدرا، بە کەسە نزیکەکانی وتووە "لێرە نامێنمەوە."
ڕۆژنامەی (ئێل پێریۆدیکۆ) بڵاوی کردەوە، لە یارییەکەی بەرانبەر لیڤانتی، هاندەرانی ڕیال مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ پێشوازییەکی توندیان لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر کرد و فیکەی ناڕەزایەتییان بۆ لێدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یاریزانەکە پێش یارییەکە بە دڵشکاوی و بە تەنیا لەسەر پەیژەکانی ڕێڕەوی ژووری جلگۆڕین دابنیشێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڤینیسیۆس هەست بە ستەم دەکات، چونکە ئەو یەکێک بووە لەو دوو یاریزانە سەرەکییەی کە لە جامی شا بەرانبەر ئەلباسێتی گەشتی کردووە و یاریی کردووە، لەکاتێکدا ئەستێرەکانی وەک ئیمباپێ و بێلینگهام پشوویان داوە، کەچی هاندەران بەو شێوەیە پاداشتیان داوەتەوە.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، دوای یارییەکە ڤینیسیۆس بە تووڕەیی یاریگای جێهێشتووە و بە کەسە نزیکەکانی وتووە: "چیتر نامەوێت لە شوێنێک یاری بکەم کە هەست بکەم منیان ناوێت"، ئەمەش ئەگەری ڕۆیشتنی لە یانەی شاهانە بەهێز کردووە.