هەرێم نیوز
یانەکانی بایرن میونشن و ئارسناڵ سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا (چامپیۆنزلیگ) مسۆگەر کرد، ئەوەش دوای ئەوەی بایرن لە ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیی بردەوە و ئارسناڵیش لەگەڵ سپۆرتینگ یەکسان بوو.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لەنێو یاریگای (ئەلیانز ئارینا) میوانداریی یانەی ڕیاڵ مەدریدی کرد، و یارییەکەش بە بردنەوەی بایرن میونشن بە ئەنجامی (٤-٣) کۆتایی هات.
لە خولەکی یەکەمی یارییەکەدا ئاردا گولەر گۆڵی یەکەمی بۆ ڕیاڵ مەدرید تۆمار کرد، بەڵام لە خولەکی ٦ـدا ئەلێکساندەر پاڤلۆڤیچ ئەنجامەکەی بۆ بایرن میونشن یەکسان کردەوە. دواتر لە خولەکی ٣٥ـدا ئاردا گولەر گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمار کرد. پاشان هاری کەین ئەنجامەکەی بۆ بایرن یەکسان کردەوە، و پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمیش کیلیان ئیمباپێ گۆڵی سێیەمی بۆ ڕیاڵ مەدرید تۆمار کرد.
لە نیوەی دووەم و لە خولەکی ٨٦ـدا، ئیدواردۆ کاماڤینگا کارتی سووری وەرگرت و ڕیاڵ مەدرید بە ١٠ یاریزانەوە مایەوە. بایرن میونشن لە خولەکەکانی ٨٩ و کاتی زیادکراودا لە ڕێگەی لویس دیاز و مایکڵ ئۆلیسێوە دوو گۆڵی دیکەی تۆمار کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی ٤-٣ بردەوە. بەمەش بە کۆی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە بە ئەنجامی ٦-٤ گەیشتە قۆناغی پێشکۆتایی، و بڕیارە لەو قۆناغەشدا ڕووبەڕووی پاریس سانجێرمان ببێتەوە.
لە یارییەکی دیکەی هەمان قۆناغدا، یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی لەنێو یاریگای خۆیدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی سپۆرتینگی پورتوگالی یەکسان بوو. بەهۆی ئەوەی ئارسناڵ لە یاریی چووندا بە ئەنجامی ١-٠ سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، بە کۆی هەردوو یارییەکە گەیشتە قۆناغی پێشکۆتایی. بڕیارە ئارسناڵ لە قۆناغی داهاتوودا ڕووبەڕووی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید ببێتەوە، کە پێشتر بە کۆی ئەنجامی ٣-٢ لە بارسێلۆنای بردبووەوە.