دواین هەواڵ

وەرزش‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

دی لافوێنتێ نهێنیی گفتوگۆکەی لەگەڵ ترەمپ لە مۆندیالی 2026 ئاشکرا دەکات

هەرێم نیو
لویس دی لافوێنتێ، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و براوەی مۆندیالی ٢٠٢٦، وردەکاریی گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێشی خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی وەرگرتنی جامی جیهانی ئاشکرا دەکات و هۆشداریش لە دەستتێوەردانە دەرەکییەکان لە تۆپی پێ دەدات.
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە ڕابەرایەتیی لویس دی لافوێنتێ توانی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئەرجەنتین بباتەوە و دووەم نازناوی جامی جیهانی لە مێژووی خۆیدا بەدەست بهێنێت، ڕاهێنەرە تەمەن ٦٥ ساڵانەکە چەند نهێنییەکی کاتی وەرگرتنی نازناوەکە دەدرکێنێت.

دی لافوێنتێ لە نوێترین لێدوانیدا بۆ ناساندنی کتێبە نوێیەکەی بە ناوی "ژیان هەموو ڕۆژێک مەشقی بۆ دەکرێت"، باسی لەو ساتە کرد کە لەسەر ستەیجی نازناوەکە لەگەڵ یاریزانەکانی، میدالیای زێڕی لەلایەن جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێدراوە. ئەو ڕاهێنەرە دەڵێت: "کاتێک چوومە سەر ستەیجەکە بۆ وەرگرتنی میدالیای زێڕین، ترەمپ بە پێکەنینەوە پێی گوتم تۆ شایستەی باڵۆندۆریت، بەڵام دواتر شتێکی دیکەی گوت و لەبەر ئەوەی ئینگلیزییەکەی من باش نییە، لێی تێنەگەیشتم و تەنیا گوتم زۆر سوپاست دەکەم."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە دەستتێوەردانی ترەمپ دەکەن بۆ ڕاگرتنی کارتە سوورەکەی فۆلاریان بالۆگۆن، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەمریکا لە کاتی مۆندیالدا کە هەڵایەکی گەورەی لێ کەوتەوە، دی لافوێنتێ هەڵوێستێکی توندی نواند و گوتی: "تۆپی پێ دەبێت خۆی بڕیار لەبارەی خۆیەوە بدات بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک لە دەرەوە دەستتێوەردانی تێدا بکات، نابێت فیفا بکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ کەسێکەوە."

لە کۆتاییدا، دی لافوێنتێ کە لە ئێستادا ئامادەکاری دەکات بۆ ڕابەرایەتیکردنی ئیسپانیا لە گەڕی داهاتووی یارییەکانی فیفادا، پشتیوانیی خۆی بۆ ڕۆدری، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەکەی دەربڕی و بە شیاوترین کاندیدی زانی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP