هەرێم نیوز
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (UEFA) خۆی ئامادە دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و سزایی لە دادگاکانی سویسرا دژی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (FIFA)، بەهۆی تۆمەتی "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی تاوانکارییانە" لە پڕۆژەیەکی فرۆشتنی پشکەکانی فیفا.
بەپێی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان کە دەست "بی بی سی" کەوتوون، یۆفا داوای بەڵگەنامە و زانیاریی زیاتری کردووە بۆ بەکارهێنانیان لە ڕێکارە یاساییەکاندا؛ ئەوەش دوای ئەوەی ئینفانتینۆ پێشنیاری دروستکردنی کۆمپانیایەکی نوێی کردبوو بۆ فرۆشتنی پشکی پاڵەوانێتییەکانی فیفا و جامی جیهانی بە کەرتی تایبەت، بەڵام دواتر بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە پاشەکشەی لێکرد.
یۆفا جەخت دەکاتەوە کە ئینفانتینۆ هەوڵی داوە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژە ملیار دۆلارییەوە خۆی و دەوروبەرەکەی لەسەر حیسابی فیفا و یەکێتییەکان دەوڵەمەند بکات، هەروەها پڕۆژەکەی بە پەلە و لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا تێپەڕاندووە بەبێ ئەوەی دەرفەت بباتە بەرپرسان بۆ تاوتوێکردنی.